دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندوە” سیستمی بانکی عێراق لە ڕیزبەندی مەترسیدارترین سیستمە بانکییەکانی جیهانە”، بەرپرسێكی بانکی ناوەندی عێراقیش دەڵێت” تائێستا عێراق نەیتوانیوە خۆی لەو دۆخە ڕزگاربکات”.
دامەزراوەی ستاندارد ئان بۆیزی نێودەوڵەتی ڕاپرسییەکی لەبارەی سیستمی بانکی و ژێرخانی بانکی لە جیهاندا ئەنجامداوە بە بەشداری لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە ڕاپرسییەکەدا هاتوە، سیستمی بانکی عێراق، لە ئەنجامی ئەو سزایانەی لەسەریەتی و ئەو بەشدارییانەی لە پڕۆسەکانی پارە سپیکردنەوەدا کردویەتی، لە ڕیزبەندی خراپترینەکاندایە.
ئاماژە بەوەشکردوە” هەریەك لە وڵاتانی عێراق – نێجیریا – ئۆکرانیا، خاوەنی مەترسیدارترین سیستمی بانکین”.
لەلای خۆیەوە، مەحمود داغر – بەرپرسی دارایی و بەڕێوەبەری گشتی پێشوی بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاندوە” ئەو ڕاپرسیانە هەمان دەرئەنجامیان هەبوە و تائێستا عێراق نەیتوانیوە خۆی لەو قۆناغە ڕزگاربکات”.
ئەو بەرپرسە باسی لەوەشکردوە” زۆری قەرزەکان لەسەر عێراق و کەمی دینار لە بانکەکان و ئاڵۆزییەکان ناوچەکە، هۆکارێكن کە بەخێرایی بەرۆکی عێراق دەگرن و وایکردوە سیستمی بانکی وڵاتەکە لەبەردەم مەترسیدا بێت”.