جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەی دی ڤانس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ئایار ڕایگەیاند کە شەڕی ئۆکرانیا “بەم زووانە کۆتایی نایەت”.
وتیشی: ئێستا کە هەر لایەنێک ئاگاداری مەرجەکانی ئەوی دیکە بووە بۆ ئاشتی، ئەوە پەیوەستە بە خودی ڕووسەکان و ئۆکراینییەکانەوە کە درێژە بەو ڕێگایە بدەن. دەشڵێت: ئەوە پەیوەستە بە ئەوانەوە کە بگەنە ڕێککەوتن و ڕاگرتنی ئەم ململانێ دڕندانە و بێ بەزەییانە.
ڤانس جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دۆخە لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆتایی نایەت، مەگەر گۆڕانکاری لە هەڵوێستی هەردوولادا نەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە هۆشداریدا لەوەی سەرەڕای هەندێک پێشکەوتنی ئەم دواییە، ئۆکرانیا و ڕووسیا هێشتا “رێگایەکی دوورودرێژ”یان ماوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی. هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر لە داهاتوویەکی نزیکدا هیچ پێشکەوتنێکی بەرجەستە بەدەست نەهێنرێت، ڕەنگە ترەمپ بە ڕۆڵی نێوەندگیری ئەمریکادا بچێتەوە.