عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەوپێشچوونی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆنیان تاوتوێی کرد.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا عێراقچی جەختی لەوە کردەوە ” بێ بەڵێنی ڕابردوو لەلایەن ڕۆژئاواوە بەربەستی سەرەکییە لەبەردەم پێشکەوتن لە دانوستان و گەیشتن بە ڕێککەوتن”.
هەروەها داوای کرد کۆتایی بەو گەمارۆیانە بهێنرێت کە بەسەر ئێراندا سەپێنراون.
ئەم پەیوەندییە لە کاتێکدایە، ئەمریکا و ئەوروپا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند، دانوستانە جیاجیاکانیان لەگەڵ ئێران کە بڕیار بوو ڕۆژانی هەینی و شەممە ئەنجام بدرێت، هەڵوەشاوەتەوە. هەروەها جەختیان کرد ئەم دانوستانە جیاجیانە بە پێچەوانەی پروپاگەندەكانی بەرپرسانی تاران، هەرگیز بە شێوەیی كۆتایی پشتڕاست نەکراونەتەوە.
عێراقچی پێشتر ڕایگەیاندبوو” بڕیارە ڕۆژی شەممە لەگەڵ نوێنەرانی ئەمریکا لە ڕۆما کۆببێتەوە و پێش ئەوەش دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا ئەنجام دەدرێت. هەروەها ئامادەیی خۆی بۆ گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتانە ڕاگەیاندبوو بۆ درێژەدان بە ڕاوێژکارییەکان.