بەڕێوەبەری كاروباری شوێنەواری لە ھەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ساڵانە لە ھەرێمی كوردستان نزیكەی ٢٥ تیمی بیانی كاری شوێنەواری دەكەن، كە لە ئێستادا ھەرێمی كوردستان خاوەن زیاتر لە شەش ھەزار پێگەی شوێنەوارییە و بەردەوامیش تیمی تازە دێن بۆ ئەوەی لە ھەرێمی كوردستان لە بواری شوێنەواری كار بكەن و ئێمەش گرێبەستیان لەگەڵ ئەنجام دەدەین.
محەممەد لەشكری، بەڕێوەبەری كاروباری شوێنەواری لە ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی یموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، دوو فاكتەر وایان كردووە تیمی وڵاتانی بیانی بێن لە ھەرێمی كوردستان لە بواری شوێنەواریدا كار بكەن، یەكەم پێشتر ڕژێمەكانی پێشوو ڕێگرییان دەكرد ئەو تیمە بیانیانە بێن كار بكەن و ئەوانەی ھاتبوون پێشتر زۆر كەم بوون و كارێكی كەمیان كردبوو، فاكتەری دووەمیش ئەوەیە، سیاسەتی ناوچەكە دوای ڕووخانی ڕژێمەكان گۆڕاوە و ئەو تیمانەی ئەورووپاو ئەمەریكا لە عێراق و سووریا بوون بەھۆی دۆخی ئەمنی دەھاتنە ھەرێمی كوردستان و مامەڵەی باشی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ تیمەكان بەتایبەت لە كاری ھەڵكۆڵین و ڕووپێوی و كاری شوێنەوارییەوە ھاوكاریی باشیان دەكرێت، بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەی خۆیان بكەن، بۆیە ئێستا لە ھەرێمی كوردستان ساڵانە لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ تیم كار دەكەن ئینجا ئەوانەی تازەبن یاخود گرێبەستی چەند ساڵەیان ھەبێت، كە ھەر دوێنێش دوو تیممان بۆ ھاتنەوە كاری خۆیان بەردەوام دەكەن لە ھەولێر و سلێمانی و سۆران و تیمێكی تازەش ھاتووە كار دەكەن و دوو تیمی دیكەی تازەش ھاتوون گرێبەستمان بۆ كردوون لە سلێمانی دەست بە كار دەكەن، كە ئەو تیمانە لە ئەورووپا و ئەمەریكاوە ھاتوون.
لەشكری گوتیشی، لە ھەرێمی كوردستان زیاتر لە شەش ھەزار پێگەی شوێنەواریمان ھەن، كە ٥٥%یان ڕووپێوییان بۆ كراوە و بەشێكی زۆریش ڕووپێوییان بۆ نەكراوە و كەوتوونەتە نێوان بازنەی سیاسی لە سنووری ماددەی ١٤٠ یاخود ناوچە سنوورییەكان، كە ئەستەمە بتواندرێت بە باشی ڕووپێوییان بۆ بكرێت، بەڵام بەردەوام كار دەكرێت بۆ دۆزینەوەی پێگەی شوێنەواری و ھەرێمی كوردستان خاوەن ژمارەیەكی زۆری پێگەی شوێنەوارییە، ئەمەش وای كردووە سەرنجی تیمەكان ڕابكێشێت بەردەوام لە ھەرێمی كوردستان كار بكەن.