لە هەندێك گوند بینای قوتابخانەكان كرێ یان كابینەیە
زاری كرمانجی- سۆران:
ئەوەی بۆتە كێشە بۆ پەروەردەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەندێك لە قوتابخانەكان پێویستییان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، یان لە هەندێك گوند و ئاوایی بینای قوتابخانەكان كرێیە، یان لە كابینەدا. بەرێوەبەری پەروەردەكانی سنوورەكەش، بۆ زاری كرمانجی دەڵێن، نەبوونی بینا لە هەندێك گوند و ئاوایی كێشەی بۆ ئێمە دروست كردووە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن، لە هەر گوندێك بینای سەر خۆڵ هەبێت بینایەكی نوێ دروست دەكرێت.
مامۆستا حەسەن محەممەد ساڵح، بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای ناوەندی سۆران، بۆ زاری كرمانجی دەڵێت: پەروەردەی قەزای ناوەندی سۆران 54 هەزار قوتابی لە خۆ دەگرێت، ئەو قوتابییانە لە كۆمەڵگەیەك، 18 باخچەی ساوایان، 211 قوتابخانەی بنەڕەتی، 48 قوتابخانەی دواناوەندی و 18 قوتابخانەی ئامادەی كە كۆی گشتی دەبنە 296 قوتابخانە درێژە بە خوێندن دەدەن، ئەو قوتابخانانە دابەشبوونە بەسەر هەر سێ قەزای ناوەندی سۆران، خەلیفان و سیدەكان.
بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای ناوەندی سۆران، گوتیشی: هەندێك لە قوتابخانەكانی ئێمە كە ژمارەیان 18 قوتابخانە دەبن سەر خۆڵن، ئەوەش تا ڕادەیەك بۆ ئێمە بوونەتە كێشە، بەڵام لە سەرەتای دەوامی قوتابخانەكان دەرخستەیەك ئامادەكراو و ڕەزامەندییش وەرگیرا كە ئەو قوتابخانانەی سەر خۆڵن بە هیچ شێوەیەك نەمێنن، كراوە تەندەر و دراوەتە بەڵێندەر، بەڵام ئەو بەڵێندەرە كەمتەرخەم بوو لە كارەكەی، بۆیە ئێستا دراون بە كۆمپانیایەك ئەوەش وا دەكات نەك تەنیا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزای ناوەندی سۆران، بەڵكو لە سنووری پەروەردەی گشتی ئیدارەی سۆران هیچ قوتابخانەیەكی سەر خۆڵ نەمێنێت ئەوەش لە بەرژەوەندی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردندایە، هەروەها هەندێك قوتابخانە لەناو كابینەدان، ئەوانەش پێویستیان بەوەیە كە بینایان بۆ دروست بكرێت، چونكە كابینە، شتێكی كاتییە، دەبێت بەدواداچوون بكرێت و بەرنامەیەكی باشتر دابنرێت بۆ ئەوەی ئەو قوتابخانانەی كە كرێنە، یان كابینەنە نەمێنن، هەر بۆ ئەو مەبەستە لە گەڕەكی ئیسقەڵا قوتابخانەیەكی 18 پۆلی دروست دەكرێت، لەگەڵ 4 قوتابخانەی 6 پۆلی، لەگەڵ ئەو 18 قوتابخانەی كە سەر خۆڵن، ئەوانە لە بەرنامەدانە و لە ماوەیەكی نزیكدا دەست بە دروستكردنیان دەكرێت، بەوەش تا ڕادەیەكی زۆر كێشە و گرفتەكانی ئێمە لەڕووی بینای قوتابخانەكان چارە دەبن.
مامۆستا مەجید خانۆ، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، بۆ زاری كرمانجی ئاشكرای كرد: لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی مێرگەسۆر 10 باخچەی ساوایان، 5 باخچە و قوتابخانەی ناحكومی، 139 قوتابخانەی بنەڕەتی، 23 قوتابخانەی دواناوەندی و 6 قوتابخانەی ئامادەیی هەنە، واتە كۆی گشتی 184 قوتابخانە دەبن، لەگەڵ پەیمانگەیەكی كۆمپیۆتەر، 14 هەزار و 675 قوتابی ئاسایی و دەرەكی لەو قوتابخانانە درێژە بە خوێندن دەدەن، لەگەڵ ئەوەی 1370 مامۆستای گرێبەست و 835 مامۆستا، یاریدەدەر و بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیار و تەنسیب لەو قوتابخانانە دەوام دەكەن.
بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، دەشڵێ: بڕیارە 8 بینای نوێ لەو گوندانە دروست بكرێن كە قوتابخانەی سەر خۆڵیان هەیە، لەگەڵ ئەوەی 11 قوتابخانە بینایان كابینەیە و پێویستمان بەوە هەیە كە ئەو قوتابخانانە بینایان بۆ دروست بكرێت، هەروەها لە شانەدەر پێویستمان بە قوتابخانەیەكی ئامادەیی، لە گۆڕەتوو پێویستمان بە باخچەیەكی ساوایان، لە گوندی باز قوتابخانەیەكی بنەڕەتی پێویستە، لەگەڵ هەموو ئەوانەش لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی مێرگەسۆر 34 قوتابخانە نۆژەن كراونەتەوە.
مامۆستا چنوور مەزهەر، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕواندز، بۆ زاری كرمانجی ڕوونیكردەوە: 10 باخچەی ساوایان، 56 بنەڕەتی، 9 دواناوەندی و 5 قوتابخانەی ئامادەیی، كە كۆی گشتی دەبنە 80 قوتابخانە لە سنووری ڕواندز هەن، هەندێك لە بینای قوتابخانەكان پێویستییان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، ئەمە لە كاتێكدایە هەندێك لەو قوتابخانانە ساڵی ڕابردوو لەلایەن وەزارەتی پەروەردە، ئیدارەی سۆران و دەزگای خێرخوازیی بارزانی نۆژەن كراونەتەوە كە 15 قوتابخانە دەبن، لەگەڵ ئەوەی پێویستمان بە 14 بینای نوێ هەیە بۆ قوتابخانەكانی ڕواندز و دەوروبەری بۆ ئەوەی لە كێشەی كەمی بینا و كرێ و كابینە ڕزگار بین، كە 5 باخچە و قوتابخانەیەك لە خانووی كرێدانە، لەگەڵ دوو قوتابخانە لە كابینەدانە.
مامۆستا ئەحمەد محەممەد عەلی، بەڕێوەبەری پەروەردەی چۆمان، بۆ زاری كرمانجی گوتی: پەروەردەكەمان 8 باخچەی ساوایان، 73 قوتابخانەی بنەڕەتی، 14 قوتابخانەی دواناوەندی و لەگەڵ 7 قوتابخانەی ئامادەیی كە كۆی گشتی دەبنە 102 قوتابخانە لە خۆ دەگرێت.
بەڕێوەبەری پەروەردەی چۆمان، ئاشكراشی كرد: كێشەی كۆنی هەندێك بینای قوتابخانەمان هەیە، هەندێك لەو بینایانە پێویستیان بەوە هەیە نۆژەن بكرێنەوە، بەتایبەتی لەناو سەنتەری قەزا، هەر چەندە ساڵانە چەندین قوتابخانە نۆژەن دەكرێنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەبێت قوتابخانەی زیاتر نۆژەن بكرێنەوە، چونكە ساڵانە لە گوند و ناحیەكان داواكاری زۆر هەیە بۆ نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان، لەگەڵ ئەوەی پێویستمان بە 4 بینای نوێ هەیە، دوو لە سەنتەری قەزای چۆمان، یەكێك لە قەسرێ و ئەوەی دیكەش لە حاجی ئۆمەران، كە ئێستا لە سەنتەری ناحیەكان و سەنتەری قەزا هەموو قوتابخانەكان دوو دەوامینە.