“بۆردوومانەكە ئەوەندە سەخت بوو، بەشێكی زۆری شەهیدان تەرمەكانیان نەدۆزرانەوە”
ئامادەكردن: بەختیار سەباح
پەنجاو یەك ساڵ لەمەوبەر لە 26ی 4ی 1974 بە ئامانجی لاوازكردنی پێگەی شۆڕشی ئەیلول، باڵەفڕەكانی رژێمی بەعس هاتنە سەر ئاسمانی شارەدێی گەڵاڵە و بە بۆمبی (ناپاڵم) كە چەكێكی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی بوو، پردی گەڵاڵەیان لە دەڤەری باڵەكایەتیی بۆردوومانكرد، بەو هۆیەوە زیاتر لە 100 كەس لە ژن، منداڵ، پێشمەرگەو كاسبكار شەهید و بریندار بوون، كە لاشەی زۆربەیان نەدۆزرانەوەو بوونە شەهیدی گۆڕ بزر.
عەبدوڵرەحمان مەلا رەسوڵ، وەك یەكێك لە پێشمەرگەكان و ئاگادار لە ڕووداوەكە بۆ زاری كرمانجی گووتی: “لــە ڕۆژی 26ی 4ی 1974 فڕۆكەكانی عێراق بــە بۆمبی گرانی نــاپــاڵم، كە قەدەغەكراو بوو، پردی گەڵاڵەیان بــۆردوومــان كرد، لە ئەنجامدا 86 كەس شەهید بوون و 27 كەسی دیكەش لە پێشمەرگە و هاووڵاتی سڤیل بریندار بوون، ئەوانەی شەهید بوون، زۆربەیان قوتابی زانكۆ و پێشمەرگە و خەڵكی ئاوارە و ڕاكردوو بوون لە دەستی رژێم، كە لە ترسی سەربازی زۆرەملێ و لەسەر پرسی سیاسی وەك پەناگەیەكی ئارام لەوێ نیشتەجێ ببوون”.
ئاماژەی بەوەشكرد، بۆردوومانەكە ئەوەندە سەخت بوو، بەشێكی زۆری شەهیدەكان تەرمەكانیان نەدۆزرانەوە، چونكە لاشەیان پارچە پارچە ببوو، بەشێكی زۆری بریندارەكانیش لەبەر سەختی برینەكانیان لە نەخۆشخانەكانی شۆڕش لە ناوپردان و كەوەرتە گیانیان لەدەستدا، قوربانییانی بۆردوومانەكە زۆربەیان ئافرەت و منداڵ و بە تەمەنەكان بوون.
عەبدوڵرەحمان مەلا رەسوڵ، جەختیشی لەوەكردەوە، پێویستە لەسەر حكوومەتی هەرێم و لایەنی پەیوەندیدار مۆنۆمێنتێكی تایبەت بەو ڕووداوە تراژیدیایە بكەنەوەو بیكەنە یادگەیەك بۆ ڕووداوەكەو ساڵانە یادی ئەو كارەساتە مرۆییە بكەنەوە، بۆ ئەوەی گەنجان و نەوەكانمان شارەزاییان لە مێژووی پڕ مەینەتی كوردستان هەبێت.
باڵەكایەتیی وەك پێگەیەكی ئارامی بێ ترس بۆ سەرجەم شۆڕشەكانی رزگاریخوازی كورد هاتۆتە بەر، هەر بۆیەش لەسەر دەستی (بارزانی نەمر) باڵەكایەتیی وەك پایتەخت و شوێنی ئارامی بۆ شۆڕش دیاریكراوە.
لای خۆیەوە محەممەد مەنگوڕ، یەكێك لە بریندارەكانی بۆردوومانی پردی گەڵاڵە گووتی: “ئەو كات پردی گەڵاڵە زۆر قەرەباڵغ بوو، چێشتخانە، چایخانە، بەنزینخانە، دوكانی هاووڵاتییانی لێبوو، ژمارەیەكی زۆری ژن و منداڵ لەو شوێنە بوون، لە كاتی بۆردوومانەكە منیش وەك هاووڵاتییەك لەوێ بووم و هەردوو قاچم بریندار بوون، بۆ چارەسەكردن گوازرامەوە نەخۆشخانەی شۆڕش لە كەوەرتێ، دواتریش ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری خانێی ڕۆژهەڵات كرام، لەوێ بۆ دەرهێنانی ساچمەكان نەشتەرگەریم بۆكرا”.
باسی لەوەشكرد، دوای پەنجا و یەك ساڵ وەك بریندارێكی بۆردوومانەكە، تا ئێستە هیچم بۆ نەكراوە، چەند جارێكیش داوام كردووەو نوسراوم بۆ كراوە، بەڵام هیچ وەڵامێكی نەبووە”.
شارەدێی گەڵاڵە سەر بە قەزای چۆمانی سنووری پارێزگای هەولێرە، یەكێك بوو لە ناوەندە گرنگەكانی سیاسی و سەربازی ئەوسای شۆڕشی ئەیلول، لە هەمانكاتدا ناوەندێكی بازرگانی بووە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان لە گەڵاڵە كراوە، هەر بۆیە رژێمی بەعسی عێراق چەندین جار شارەدێی گەڵالەی كردووەتە ئامانج.
“خەڵكی ئاوارە و قوتابی زانكۆ و پێشمەرگە، وەك پەناگەیەكی ئارام لە پردی گەڵاڵە نیشتەجێ ببوون”
” بەشێكی زۆر لە بریندارەكان لە نەخۆشخانەكانی شۆڕش چارەسەر كران”