ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی چەند ساڵێکدا بۆ یەکەمجار بە ڕێبازێکی “جیدی” بەشداری دانوستانە ئەتۆمییەکانی لەگەڵ ئەمریکا کردووە، بەڵام هێشتا هیچ ڕێککەوتنێک لەبەرچاو نەماوە.
گرۆسی وتی: ئەمە یەکەمجارە لە ماوەی چەند ساڵێکدا کە ببینم ئێران بەشداری وتووێژێکی جددی و ڕاستەوخۆ و ڕاشکاوانە لە بارەی جەوهەری ئەو پرسە بکات.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئاسۆی دانوستانەکان، ئاماژەی بەوەشکرد: ئایا ئەمە مانای ئەوەیە کە گەیشتوینەتە ڕووناکی کۆتایی تونێلەکە؟ باشە هێشتا نا. بەڵام ئەمە باشترین چانسە کە هەمانە.
ناوبراو وتی: ئەگەری ڕێککەوتنێکی نوێ لە نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی “پێدەچێت کەمتر ئاڵۆز بێت” لە چاو یاسای JCPOA، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ڕێککەوتنەکە دەبێت “بوێرانە و شەفاف و ڕوون و ئاشکرا” بێت. ڕێککەوتنێک کە بە وتەی ئەو “هەمووانی دڵنیا دەکاتەوە کە هیچ ڕێگایەک بۆ دروستکردنی بۆمب نییە”.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی مشتومڕ لە دانوستانەکاندا – ئایا ئێران ڕێگەی پێدەدرێت یۆرانیۆم لەسەر خاکی وڵاتەکەی پیتاندنی یۆرانیۆم بکات یان دەبێت بە تەواوی هاوردەی بکات – گرۆسی ڕەتیکردەوە ڕاستەوخۆ هیچ لێدوانێک بدات، بەڵام وتی کە “پرسی پیتاندن تەرکیزی سەرەکی ئەم وتووێژانە” و بژاردەی جۆراوجۆر لەبەرچاو دەگیرێت.