بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێی دامەزراوەی توێژینەوەی ئاشتی نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵم (SIPRI)، خەرجییە سەربازییە جیهانییەکان لە ساڵی 2024دا گەیشتووەتە گەشەیەکی بێ وێنە بە بڕی 2.718 تریلیۆن دۆلار، کە هاوتایە لەگەڵ زیادبوونی 9.4% بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو. ئەمە بەرزترین گەشەی ساڵانەیە لە ساڵی ١٩٨٨ەوە – کاتێک شەڕی سارد لە لێواری کۆتاییدا بوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی سی ئێن ئێن، توێژەرانی سیپری هۆشدارییان داوە کە ڕەوتی ئێستای پێشبڕکێی چەکی جیهانی نەک هەر بەردەوامە، بەڵکو زۆرێک لە وڵاتان بەڵێنیان داوە لە ساڵانی داهاتوودا خەرجییە سەربازییەکانیان زیاتر زیاد بکەن.
ئەمریکا تا ئێستاش وەک گەورەترین خەرجکەری سەربازی جیهان دەمێنێتەوە و لە ساڵی ٢٠٢٤دا ئامارەکەی نزیکەی یەک تریلیۆن دۆلار بووە، بڕگە سەرەکییەکانی بودجەی بەرگری ئەمریکا بریتین لە ٦١.١ ملیار دۆلار بۆ فڕۆکە جەنگییە دزێوەکانی ئێف-٣٥، ٤٨.١ ملیار دۆلار بۆ دروستکردنی کەشتی نوێی هێزی دەریایی، ٣٧.٧ ملیار دۆلار بۆ مۆدێرنکردنی جبەخانەی ئەتۆمی و ٢٩.٨ ملیار دۆلار بۆ بەرگری مووشەک سیستەمەکان. هەروەها ئەمریکا ٤٨.٤ ملیار دۆلاری وەک هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا تەرخان کرد کە نزیکەی سێ لەسەر چواری کۆی بودجەی بەرگری ئۆکرانیا (٦٤.٨ ملیار دۆلار)ە.
چین دووەم گەورەترین خەرجی سەربازی بوو، بە بڕی ٣١٤ ملیار دۆلار. ڕاپۆرتی SIPRI خەرجییە سەربازییەکانی چینی بە وردی نەشکاندووە، بەڵام ئاماژە بەوە کراوە کە پەکین لە ساڵی ٢٠٢٤دا چەندین توانای نوێی خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەوانە فڕۆکەی دزێو، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ژێردەریایی بێ سەرنشین. هەروەها چین بەردەوام بووە لە فراوانکردنی خێرای جبەخانەی ئەتۆمی و بۆ ٣٠ ساڵە لەسەریەک بوودجەی سەربازیی خۆی زیاد کردووە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، بە گشتی نزیکەی نیوەی کۆی خەرجییە سەربازییەکانی جیهان لە ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ئەمریکا و چین تەرخان دەکرێت.
بەڵام ئەو وڵاتانەی بەشدارن یان نیگەرانن لە ململانێ ناوچەییەکان، گەورەترین زیادبوونی خەرجییەکانیان بەخۆوە بینیوە. بودجەی سەربازی ئیسرائیل کە لە ساڵی 2023 هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە، لە ساڵی 2024دا بە ڕێژەی 65% زیادی کردووە، زیادبوونی خەرجییە سەربازییەکان لەوەتەی ڕووسیا لە ساڵی 2022دا ئۆکرانیای داگیرکردووە، لانیکەم لەسەدا 38 بووە، بەڵام سیپری پێی وایە ئەگەری زۆرە ئەو ڕێژەیە زیاتر بێت، چونکە ڕووسیا سەرچاوە هەرێمی و نافەرمیەکانیشی بەکارهێناوە بۆ دابینکردنی بودجەی سەربازی خۆی.