راپۆڕت / موختار وەفایی
وەرگێرانی بۆ كوردی/ رێبین رواندزی
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی سێشەممە 29ی ئایار لەسەر دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا لە ساڵی 2024 بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند” تاڵیبان کەرەستەی وەک لەسێدارەدانی دەرەوەی دادگا، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە، ئەشکەنجەدان و زەوتکردنی مافە بنەڕەتییەکان بەشێوەیەکی ئامانجدار بەکار دەهێنێت بۆ سەرکوتکردنی نەیاران و ڕەخنەگران و دروستکردنی کەشێکی ترس و تیرۆر لە کۆمەڵگادا.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لانیکەم ٢٠ هەزار کەس لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی تاڵیبان کە ١٥٠٠ ژن بوون، زیندانی کراون و ڕێکخراوی تۆلێرانسی مافی مرۆڤ تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٦١٤ حاڵەتی دەستبەسەرکردن و ٣٥ حاڵەتی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی لە ٩ پارێزگای ئەفغانستاندا تۆمار کردووە.
تاڵیبان ساڵی ڕابردوو لانیکەم چوار حاڵەتی لەسێدارەدانی ئاشکرای ئەنجامداوە و بەگوێرەی ڕاپۆرتەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە دادگاکانی تاڵیبان لە نێوان 300 بۆ 600 کەس سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. ئەمە سەرەڕای نیگەرانی جیددی سەبارەت بە نەبوونی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە پێکهاتەی دادوەری تاڵیبان.
لە دوایین حاڵەتدا، تاڵیبان لە مانگی نیسانی ٢٠٢٥دا بە ئاشکرا چوار تۆمەتباری کوشتنی لە پارێزگاکانی فەرەح، نەمرۆز و بەدغیس لەسێدارەداوە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە زۆرێک لە قوربانیانی ئەم سەرکوتانە کارمەندانی پێشووی حکومەت، چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان و زانایانی ئایینین کە ڕەخنە لە تاڵیبان دەگرن و حاڵەتە بەڵگەدارەکانیش ئاماژەن بۆ ئەشکەنجەدان، دەستدرێژی سێکسی، مامەڵەی ڕیسواکردن و دەستبەسەرکردنی زیندانیان لە بارودۆخی نامرۆڤانەدا. بۆ نموونە لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەحمەد فەهیم عەزیمی، چالاکوان بۆ مافی خوێندن، دوای 11 مانگ لە دەستبەسەرکردن و دادگاییکردنی نادادپەروەرانە بە تۆمەتی “هاندانی ژنان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین” ئازاد کراوە.