ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێم پابەندییەکانی خۆی بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان بە تەواویی جێبەجێ کردووە. هاوکات ئەنجوومەنەکە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، بە زووترین کات لێژنەی هاوبەش پێک بهێنن بۆ دانانی میکانیزمی گونجاو بۆ ئاسانکاری لە بەجێگەیاندنی ڕێکارەکانی خانەنشینی و خەرجکردنی مووچە و شایستەکانیان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی نيسانى 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
“هیچ بەربەستێک لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بۆ هەناردەی نەوت نییە”
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، دوا پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە گفتوگۆ و دانوستانەکانی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی عێراقی فیدراڵ و ئەنجامی کۆبوونەوەی هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ و کۆبوونەوەی هاوبەشی حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان خستەڕوو.
وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، لە ڕاپۆرتێکدا، ڕوونی کردەوە کە وەزارەتیان ئەوەندەی پەیوەندی بە حکوومەتی هەرێم هەبێت، پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە بە ئاراستەی هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و دانانی داهاتەکەی لە گەنجینەی گشتيی فیدڕاڵ، لەم ڕووەوە هیچ ئاستەنگ و بەربەستێک لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە نییە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم.
“ئەنجوومەنی وەزیران هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی بۆ پشتیوانيی لە گفتوگۆکانی وەزارەتەکانی نەوت و سامانە سرووشتییەکان دووپات دەکاتەوە”
دواتر هەریەک لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، وردەکاريی تەوەرەکانی گفتوگۆی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانيان لەسەر ئاستی حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتیيەکان خستەڕوو و ئاماژە بەو بڕگانەی گفتوگۆکان درا کە بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆوە بینیوە و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو تەوەرانەی ماون و پەیوەندیدارن بە کۆمپانیا نەوتییەکان.
ئەنجوومەنی وەزیران هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی بۆ پشتیوانيی دانوستان و گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سرووشتییەکان دووپات دەکاتەوە بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.
هاوکات ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتيیەکان و کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، لە هەماهەنگیی و دانوستان بەردەوام بن بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا، بابەتەکان یەکلایی بکەنەوە و بگەنە ڕێککەوتن و دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکەن بۆ ئەوەی چیتر زیانی دارایی بە گەنجینەی گشتی نەگات کە دەیان ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
“وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپێردران بە زووترین کات لێژنەی هاوبەش پێک بهێنن بۆ دانانی میکانیزمی گونجاو بۆ ئاسانکاری لە بەجێگەیاندنی ڕێکارەکانی خانەنشینی و خەرجکردنی مووچەکانیان”
لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لەسەر ڕێکخستنەوەی دامەزراوەی بەڕێوەبردنی خانەنشینی گشتی لە هەرێمی کوردستان کرا لە بەر ڕۆشنایی یاسای خانەنشینی گشتی یەکگرتووی ژمارە 9ـی ساڵی 2014 و بڕیاری دادگای فیدراڵی، لەم بڕگەیەدا لەلایەن عەبدولحەکیم خسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ڕاپۆرتێک خرایەڕوو.
لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە بایەخدانی تایبەت بە خانەنشینان و ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییان کە تەمەنی خۆیان لە خزمەتی گشتی بەسەر بردووە و شایانی خزمەتکردنن، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی (دارایی و ئابووری، كاروباری پێشمەرگە و ناوخۆ )ی ڕاسپارد ، بە زووترین کات لیژنەی تایبەتمەندی هاوبەش پێکبهێنن بۆ دانانی ڕێکار و میکانیزمیی گونجاو بۆ ئاسانکاریی لە زوو بەجێگەیاندنی ڕێکارەکانی خانەنشینی و خەرجکردنی مووچە و شایستەکانی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە کەرتەکانی مەدەنی، سەربازیی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بە جۆرێک کە ڕاییکردنی مامەڵەکانی خانەنشینی و خەرجکردنی شایستەکانیان دوا نەکەوێت.