شەهلا سۆفی – زاری كرمانجی:
نەخۆشی پشیلە ئەو نەخۆشییەی كە هەمیشە لەبارەیەوە لەنێو كۆمەڵگا بەتایبەتی ئافرەتانی دووگیان باسی لێوە دەكرێت و تا ڕادەیەك ئاشنان بە نەخۆشییەكە بەڵام بێ ئاگا لە كاریگەری و مەترسییەكانی لەسەر كۆرپەلە.
لەم بارەیەوە دكتۆرە مەهاباد دلاوەر پسپۆڕلە نەخۆشییەكانی ئافرەتان ,منداڵان و نەزۆكی تایبەت بە زاری كرمانجی باس لە نەخۆشی پشیلە,هۆكارەكانی تووشبوون و ڕێگاكانی چارەسەری ئەو نەخۆشییە دەكات و دەڵێت:”نەخۆشی(toxoplasmosis) یان نەخۆشی پشیلە كە بەهۆی تۆكسۆپلاسما دروست دەبێت لەرَێگای مشەخۆرێكەوە گەشە دەكات و دەكرێت تووشی مرۆڤ ,گیانەوەرە مەمكدارەكان و هەندێجار باڵندەكانیش تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن,بۆیە پێی دەگوترێ نەخۆشی پشیلە چونكە هۆكاری سەرەكی گواستنەوەی ئەم نەخۆشیە بۆ مرۆڤ لەڕێگای پشیلەوەیە كە مشەخۆرەكە لە لەشی پشیلە گەشەدەكات ولەڕێگای پیسایی پشیلە لەنێو سەوزەو میوە بڵاو دەبێتەوەو دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ یاخود ئەگەر گیانەوەری ماڵی ئەو گژوگیایەی دەیخوات مشەخۆرەكەی تیایدا هەبێت ئەوا لەنێو ماسولكەكانی گیانەوەران گەشە دەكات و لەڕێگای خواردنی گۆشتی سوور یان بەرهەمی سپیایی دەگوازرێتەوەبۆ مرۆڤ,هەروەها زۆر جارلە كاتی وەرگرتنی خوێن ئەو نەخۆشییە دەگوازرێتەوە. بەگشتی ئەگەر كەسێكی پێگەیشتوو و تەندروست تووشی نەخۆشی پشیلە بێت هیچ نیشانەیەكی نابێت,كەچی ئافرەتێك كە بەهۆی دووگیانیەوە بەرگری كەم بۆتەوەهەندێ نیشانەی دەبێت وەكو هەوكردنی گرێ لیمفاوییەكان,قوڕگ ئێشان,بێ هێزی و هەندێجار لەچاوەكانی تووشبوو نیشانەكان دیار دەكەون.بەڵام كاتێك كەسێك كە بەهۆی نەخۆشییەوە بەرگری دابەزیوە ڕەنگە تووشی تاو لەرز, گرژبوونی ماسولكەكان,و تەنانەت كاریگەری دەكاتە سەر مێشكی نەخۆش بەڵام ئەمە بە دەگمەن ڕوودەدات.
ساڵانە لە جیهان نزیكەی %50ی خەڵكی جیهان تووشی نەخۆشی پشیلە دەبێت بەڵام هیچ نیشانەیەكیان نیەولەو ڕێژەیە نزیكەی دووسەد ملیۆن ئافرەت لەكاتی دووگیانیدا تووشی نەخۆشی پشیلە دەبن.
سەبارەت بەكاریگەریەكانی ئەو نەخۆشییە لەسەر كۆرپەلە،كاتێك كۆرپەلە تووشی نەخۆشی پشیلە دەبێت كەوا لە سێ مانگی یەكەمی دووگیانیدا دایك تووشی ئەم نەخۆشییە بووبێت،ئەوا نیشانەكانی و مەترسییەكانی زیاتر لەسەر منداڵ دیار دەبێت چونكە لەو كاتەدا ئەندامەكانی لەشی كۆرپەلە درووست دەبن و گەشە دەكەن و دەبێتە هۆی هەندێ نەخۆشی وەك(هایدرۆسیفالی,كۆریۆتینیت,كلیسیفیكشنی مێشك,كێشەی دەروونی،گرژبوونی ماسولكەكان و نابینایی)كە ئەم نەخۆشییانە دەبنە هۆی لەبار چوونی كۆرپەلە لە یەكەم دووگیانی ئافرەت بەڵا ئەگەر دووبارە دووگیان بوو و تووشی نەخۆشی پشیلە ببێتەوەئەوا دەبێتە هۆی ناكام بوونی منداڵ,بۆیە پشكنینی نەخۆشی پشیلە یەكێكە لەگرنگترین ئەو پشكنینانەی پێویستە ئافرەت لە سێ مانگی یەكەمی دووگیانیدا ئەنجامی بدات بەتایبەتی ئەو ئافرەتانەی پێشتر منداڵییان لەبار چووە یاخود منداڵی ناكامی هەیە ئەمەش لەڕێگای پشكنینی خوێن, هەندێ جار بەهۆی نیشانەی جەستەیی بەڵام بەڕێژەیەكی كەم دەردەكەون, یاخودلەڕێی وەرگرتنی ڕێژەی ئەو دژەهەوكردنەی لە لەشی دایك هەیەكە پێی دەڵێن (ئیمونۆگلوبڵین)یان لەڕێگای وەرگرتنی شلەی بڕبڕەی پشت.
سەبارەت بە ڕێگاكانی خۆپارێزی و چارەسەركردنی ئەم نەخۆشی یە دكتۆرە مەهاباد دلاوەر گوتی:”ئەو نەخۆشانەی بەرگرییان كەمە( وەك تووشبووانی شەكرە و ئایدز ) پێویستە لەژێر چاودێری پزیشك دەرمان وەربگرن بەڵام ئەوانەی تەندروستییان باشە لە ڕێگای سیستەمی بەرگری نەخۆشییەكەیان چارەسەر دەبێت,جوان شووشتنەوەی سەوزەو میوە پێش خواردن,جوان كوڵاندنی گۆشتی سوور,پاستۆریزەكردنی بەرهەمی سپیایی و كوڵاندنی شیر بەباشی.