” بۆ دەربازبوونی گەنجان لە بێكاری، پێویستە كار لەسەر ڕێگا و پلانی جۆراوجۆر بكرێت “
” پێویستە بایەخی زیاتر بە پەرەپێدانی تواناكانی گەنجان بدرێت لە بازاڕی كاردا ”
“كار بكرێت بۆ دابینكردنی پشتیوانی ماددی، بۆ ئەوەی گەنجانی بێ كار ببنە خاوەن كاری خۆیان”
مەهدی محەممەد –سۆران :
“بێكاری تەنیا لە ڕووی ئابوورییەوە كێشە بۆ گەنجان دروست ناكات، بەڵكوو كاریگەرییەكی قووڵی كۆمەڵایەتی، دەروونیش لە سەر گەنجان دروست دەكات،” ئەمە قسەی یەكێك لەو گەنجانەیە كە ماوەی سێ ساڵە بێكارە و چاوەڕێ دەرفەتێك دەكات ببێتە خاوەن كاری خۆی . گەنجێكی دیكەش دەڵێ لە هەر كۆمەڵگەیەك بایەخی زیاتر بە پەرەپێدانی تواناكانی گەنجان بدرێت لە بازاڕی كاردا، ئەو كۆمەڵگەیە لە ڕووی ئابوورییەوە بەهێز و كاریگەر دەبێت، گەنجێكی دیكەی بێكاریش قسە لەسەر بێكاری خۆی دەكات و دەڵێت”هەست دەكەم كەسایەتیم لە ناو خێزان و دەرەوەش لاواز بووە،”
گەنجانی بێكاری ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران، ئومێدیان بەو كۆمەڵە پرۆژە گەشتیاریی و خزمەتگوزارییانە هەیە كە لەلایەن كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیدارەكە ئەنجام دەدرێن و لەواری جێبەجێكردندان .
ئاری عەبدوڵڵا ی 27 ساڵ، باس لەوە دەكات كە ماوەی سێ ساڵە بێكارە و زۆریش هەوڵی داوە كاری دەست نەكەوتووە، ئەو دەڵێ “هیواخوازم بە تەواوبوونی ئەو پرۆژە گەشتیارییانەی لە ناوچەكە ئەنجام دەدرێن، دەربازمان بێت لە بێكاری، ئەگەر وەكوو هەندێك شوێن خەڵكی بیانی نەهێنرێنە سەر كار،” ئاری گلەیی لە ئیدارە دەكات كە لە سەرەتادا وەك پێویست بایەخی بە ژێرخانی ئابووری ناوچەكە نەداوە و دەڵێ “دەبووایە بەر لە چاككردن و قیركردنی شەقامەكان، كار لە سەر ژێرخانی ئابووری دەڤەرەكە كرابووایە، ئەو كات ڕێژەیەكی زۆری گەنجان لەو بێكارییە ڕزگارییان دەبوو، ئابووری دەڤەرەكەش گەشەیەكی زیاتری بە خۆییەوە دەبینی.” دەشڵێت “بێكاری تەنیا لە ڕووی ئابوورییەوە كێشە بۆ گەنجان دروست ناكات، بەڵكوو كاریگەرییەكی قووڵی كۆمەڵایەتی، دەروونیش لە سەر گەنجان دروست دەكات و هەمیشە بیری لای كاركردنە و هەست بەوە دەكات كە نەیتوانیوە بەرهەمدار بیت بۆ ماڵەوە و شتێك پێشكەش بە خێزانەكەی بكات كە شانازیی پێوە بكەن .”
ئەیمەن خالید ی تەمەن 30 ساڵ، بە پێویستی دەزانێت بایەخی زیاتر بە پەرەپێدانی تواناكانی گەنجان بدرێت لە بازاڕی كاردا و دەڵێ “ئەگەر بایەخی زیاتر بە گەنجانی بەهرەمەند بدرێت و سوود لە توانا و بیرۆكەكانیان وەربگیرێت، دڵنیام كارگەلێكی زۆر گەورە دەكەن و لەو ڕێگاشەوە خۆیان دەبنە خاوەن كار و لەگەڵ ئەوەشدا بەشێكی دیكە لە گەنجانی بێ كار لەگەڵیان سوودمەند دەبن،”
ئەیمەن دەشڵێت “چەندین گەنجی بێكار هەیە لەم دەڤەرە خاوەن بیرۆكەی خۆیانن، بەڵام داهاتێكی وایان لە دەست دانییە بۆ ئەوەی بیرۆكەی خۆیان بهێننە بوون، بۆیە پێویستە چ لە لایەن ئیدارەوە یان حكومەتی هەرێم قەرزییان پێ بدرێت بۆ ئەوەی كار لە سەر بیرۆكانیان بكەن تا لەو ڕێگایەوە بیرۆكەكانیان بخەنە خزمەت بەرژەوەندی گشتییەوە.”
محەممەد سەردار ی تەمەن 27 ساڵ، ڕاكێشان و دروستكردنی پەیوەندی زیاتر لەگەڵ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بۆ پێشكەشكردنی پرۆژەی كارامە و هێنانیان بۆ سنووری ئیدارەكە بە پێویست دەبینێت و دەڵێ “ئەگەر ئەو جۆرە ڕێكخراوانە بهێنرێنە ئیدارەی سۆران، چەندین گەنج دەتوانن لەو ڕێگایەوە كارییان دەست بكەوێت وەیان لەلایەن خول و كۆرسی جیاوازی ئەو ڕێكخراوانەوە فێری چۆنیەتی دۆزینەوەی كار و بیرۆكەی كار بكرێن، یان هەوڵ بدرێت كارگەی پیشەسازی زیاتر بكرێنەوە بۆ ئەوەی گەنجان بكەونە سەر كار،”
محەممەد ئومێدی زیاتری بەو پرۆژە گەشتیارانەیە كە لە ناوچەكە ئەنجام دەدرێن و باس لەوە دەكات كە بە دەییان گەنجی بێكاری ئیدارەی سۆران، خۆیان ئامادە كردەوە لە دوای تەواوبوونی ئەو پرۆژانە ببنە خاوەن كاری خۆیان و لەو قەیرانە دەربازییان ببێت، هەروەها دەڵێ “ئەگەر دەرفەتی كاركردنمان بۆ بڕەخسێت، كار گەورە و مەزن دەكەین و دونیا سەرسام دەكەین.”
محەممەد دەشڵێت “بێكاری، خەمۆكی و دڵەڕاوكێ زۆری لە ناو گەنجان دروست كردووە و وای لێكردوون هیچ ئومێدێكیان بە ژیان و دەوروبەر نەمێنێت و متمانە لەدەست بدەن و باوەڕییان بە خۆیان نەمێنێت.”