بەهۆی هێرشە بەرفرەوانەكانی چەکدارانی داعش لە رۆژئاوای كوردستان، هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕێوشوێنە ئەمنی و سەربازییەکانیان لە دێرەزور بەهێزتر كردووە.
لە بەیاننامەیەکدا هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاندووە” ڕێوشوێنە ئەمنییەکانمان لە لادێکانی دێرەزور لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا زیادکردووە”.
لە بەشێكی ڕاگەیەندراوەکەیاندا هاتووە” لە میانی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی چەکدارانی داعش کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە دێرەزور ئەنجامدرا، پێنج لە شەڕڤانمان شەهیدبوون و چەند چەکدارێکی دیکەش برینداربوون لە کاتی بەرپەرچدانەوەی دوو هێرشی تیرۆریستی کە بنکەیەکی سەربازی هێزەکانمان لە شارۆچکەی جەزارات کردبووە ئامانج”.
هەسەدە زیاتر نووسیویەتی” لە بەرامبەر پیلانی تیرۆریستی، هێزەکانمان، لە ڕێگەی ئەنجوومەنە سەربازییە جۆراوجۆرەکانیانەوە، ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و دەورییەیان لە ناوچەکەدا زیادکردووە، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی پەرەسەندنی جموجۆڵی شانە و چالاکییە تیرۆریستییەکان لە سوریا بە گشتی و دێرەزور بەتایبەتی، رێکخراوی تیرۆریستی داعش هەوڵدەدات ئاستێکی بەردەوام لە ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکان بەدەستبهێنێت کە هێزە سەربازی و ئیدارییەکان و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان دەکاتە ئامانج”.
هێزەکانی سوریای دیموکرات ئامادەیی شەڕڤانانی بۆ بەدواداچوونی شانەکانی چەکدارانی داعش دووپاتکردەوە کە هەوڵی ناسەقامگیری ئاسایش و سەقامگیری دەدەن، هەروەها جەختی لەسەر پابەندبوونی بێوچانی خۆی بۆ پاراستنی هاوڵاتییانی مەدەنی لە هەموو بارودۆخێکدا کردەوە.