مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
گرتە ڤیدیۆیەكی دۆشاوی تەماتەی بەشە خۆراك تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراقی تەنیوە و هاووڵاتییەك بانگەشە بۆ ئەوە دەكات كە دۆشاوەكە تێكچووە و كرم لێداوە و تەندروست نییە بۆ خواردن، لەبەرامبەر ئەوەدا وەزارەتی بازرگانی ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و دەڵێت”دۆشاوی تەماتەی بەشە خۆراك، سەلامەتە و هیچ گرفتێكی نییە.”
محەممەد حەنون گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا جەختی لەوە كردەوە كە “دۆشاوی تەماتەی بەشە خۆراك بەپێی تایبەتمەندییە نێودەوڵەتییەكان پشكنینی وردی بۆ دەكرێت و ئەو بڕە دۆشاوەی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەكرێت كوالێتییەكی زۆر باشی هەیە كە بەشێكی بەرهەمی نیشتمانی عێراقییە و بەشێكیشی هاوردە دەكرێت.”
حەنون لەسەر گرتە ڤیدیۆیە قسە دەكات و دەڵێ “ئەو گرتە ڤیدیۆیی نمایش كراوە بە هیچ شێوەیەك پەیوەندی بە وەزارەتی بازرگانییەوە نییە، چونكە ئێمە پشكنینی زۆر ورد ئەنجام دەدەین بە بەكارهێنانی تاقیگە پێشكەوتووەكان كە بڕوانامەی ISOی نێودەوڵەتییان بەدەستهێناوە و بۆ ماوەی 14 ڕۆژ لە چەند تاقیگەیەكی تایبەتدا پشكنینی بۆ دەكرێت،”
دەشڵێت مەبەست لە بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە گرتە ڤیدیۆیانە تەنیا مەبەست لێدانە لە وەزارەتی بازرگانیی.