فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شرق ئەلئەوسەت ڕایگەیاند” عێراق بە توندی پشتگیری لە پرۆسەی دانوستانی بەردەوامی نێوان واشنتۆن و تاران دەکات”.
وەزیری دەرەوەی عێراق هیوای خۆی بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن و دەرئەنجامە ئەرێنییەکان دەربڕی کە خزمەت بە سەقامگیری ناوچەکە بکات.
فوئاد حسێن هۆشداریشیدا لەوەی کە شکستی ئەو بژاردە دیپلۆماسییە لێکەوتەی کارەساتبار بۆ ناوچەکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و وتی” ئەگەر ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران بکرێت، ئەوە لەسەر حیسابی لایەنەکانی دیکەی ناوچەکە نابێت”.
حسێن ئاماژەی بەوەشکرد، سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا وایکردووە بەغدا بەدوای سەرچاوەی جێگرەوەدا بگەڕێت بۆ هاوردەکردنی غازی ئێرانی کە نزیکەی ٣٣%ی کارەبای عێراق دابین دەکات.
دەشڵێت” دانوستانەکان لەگەڵ چەند وڵاتێک لە ئارادایە، لەوانە تورکیا، ئوردن و وڵاتانی کەنداو، بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی کارەبا”.
وەزیری دەرەوەی عێراق سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا باسی لەوەکرد، گفتوگۆکانی لە واشنتۆن باسی لە دۆخی سوریا کردووە کە ئەمریکا هەشت مەرجی بۆ ئیدارەی نوێی دیمەشق داناوە.
وتیشی” لە میانی دانوستانەکانی واشنتۆن، جەختی لە گرنگی پێشخستنی یەکلاییکردنەوەی سیاسی هەمەلایەنە لە سوریا کردەوە، هەروەها لە میانی دیدارەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی و ئەوروپی، داوای هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریای کرد بەهۆی ئازارەکانی گەلی سوریا”.
ناوبراو جەختی لە گرنگی دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە سوریا بۆ عێراق کردەوە و وتی” ئێمە گرنگی بە دۆخی سوریا دەدەین، چونکە ئەوەی لەوێ ڕوودەدات هەم کاریگەری نەرێنی و هەم ئەرێنی لەسەر ئێمە هەیە”.
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە واشنتۆن و لەو ماوەیەدا زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئیدارەی ئەمریکا ئەنجامدا.