زارى کرمانجى:
بەمەبەستی خۆپاراستن لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم هەڵمەتێکی پشکنین و پێدانی رێنمایی بە سەربڕخانەکان و شوێنەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ دەستپێکردووە.
هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم ڕایگەیاندووە: ”هەڵمەتێکی بەرفراوانمان بۆ شوێنەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ و سەربڕخانەکان لەسەرجەم فەرمانگە و هۆبەکانی ڤێتەرنەری و بەڕێوەبەرایەتییەکانی گشتی کشتوکاڵی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی کوردستان دەستپێکردووە، بە مەبەستی پێدانی رێنمایی و شۆردنەوەی ئاژەڵەکان بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون”.
ئاماژەى بەوەشکردووە”لیژنەیەکی هاوبەشمان هەیە لەگەڵ وەزارەتەکانی ناوخۆ و تەندروستی و شارەوانی و هەموو ساڵێک لەم کاتەدا ئەو هەڵمەتە ئەنجام دەدەن و لە هەڵەمەتەکدا دەرمانی پێویست دابینکراوە بۆ شۆردن و پاقژکردنی قەسابخانە و سەربڕخانە و ئاژەڵ و ئەو شوێنانەی تیایدا بەخێو دەکرێن”.