“ناوچەكە بەرفراوانە و بەردەوام كێشەی كۆمەڵایەتی لێ ڕوودەدات”
زاری كرمانجی-سۆران:
بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان بە فەرمی ڕەزامەندی بۆ كردنەوەی شوێنی داڵدەدانی ئافرەتان ” شەلتەر ” دەركردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی فەرمانبەر و میلاكی پێویست تا ئێستا نەكراوەتەوە.
توران خدر، بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سۆران، دووپاتی لەوەكردەوە، لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و وەزارەت لەسەر هێڵین بۆ كردنەوەی ئەو شەلتەرە.
توران خدر، نایشارێتەوە، نەبوونی شوێنی داڵدەدانی ئافرەتان بووەتە هۆی زیادبوونی مەترسیەكان بۆ ئافرەتانی كێشەدار لە سنووری ئیدارەی سۆران، بە تایبەتی ئەوانەی ژیانیان لە مەترسیە، ناچارن بگوازرێنەوە بۆ هەولێر بە ئامانجی پاراستن.
گووتیشی:”سۆران ناوچەیەكی بەرفراوانە و بەردەوام كێشەی كۆمەڵایەتی لێ ڕوودەدات، ئەمەش وا دەكات لە كاتی ڕووداوەكان ئەو ئافرەتانەی كێشەیان هەیە بگوازرێنەوە هەولێر، لەلایەكی دیكەشەوە گرفتی زیاتر بۆ هاووڵاتییان دروست دەكات و ئەركیان زەحمەت دەكات.
پێشتر بەڕێوەبەری بەرنگاربوونەوە و توندوتیژی دژی ئافرەتانی سۆران، لە لێدوانێكیدا، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاندبوو، نەبوونی شوێنی داڵدەدانی ئافرەتان لە سۆران گرفتی زۆری دروست كردووە، بە شێوەیەكی گشتی ئەركی پاراستنی شوێنەكە وەزارەتی ناوخۆیە، بەڵام دامەزراندنی شەلتەرەكان لە بەڕێوەبردن سەر بە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتییە.