هێزە ئەمنییەکانی پاکستان لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی سێ ڕۆژە لە شاری وەزیرستانی باکووری پارێزگای خەیبەر پەختونخوا، ٥٤ چەکداریان لە نزیک سنووری ئەفغانستان ناسیەوە و کوشتیان. بەرپرسانی سەربازی ڕایانگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە کە ڕۆژانی هەینی و شەممە و یەکشەممە ئەنجامدراوە، یەکێک بووە لە کوشندەترین پێکدادانەکانی سەر سنوورە ئاڵۆزەکانی ساڵانی ڕابردوو.
سوپای پاکستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کوژراوەکان “خەواریج”ن؛ ئەو دەستەواژەیەی کە حکومەتی پاکستان بۆ ئاماژەکردن بە ئەندامانی تاڵیبانی پاکستان بەکاری دەهێنێت، کە هاوپەیمانی تاڵیبانی ئەفغانستانن. سوپای پاکستان وتی ئەو چەکدارانە لەلایەن “ئاغا بیانییەکان”یانەوە نێردراون بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی بەرفراوان لە ناوخۆی پاکستان، بەبێ ئەوەی وڵاتێکی دیاریکراو دیاری بکەن.
هێرشبەرەکان لە نزیک ناوچەیەک کوژراون کە سەردەمانێک بنکەیەکی سەرەکی تاڵیبانی پاکستان بووە و لە ساڵانی ڕابردوودا شایەتی پێکدادانی خوێناوی نێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارەکان بووە.
سوپای پاکستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، هەوڵدان بۆ دزەکردنە ناو خاکی پاکستان “لە کاتێکدایە کە هیندستان تۆمەتی بێ بنەما دەخاتە سەر پاکستان دوای هێرشێکی کوشندە بۆ سەر گەشتیاران لە کشمیری کۆنترۆڵکراو”.
لە چەند مانگی ڕابردوودا پاکستان ڕووبەڕووی زیادبوونی توندوتیژی بووەتەوە و زۆربەی ئەو توندوتیژیانە بۆ تاڵیبانی پاکستان دەگەڕێتەوە. لەوەتەی تاڵیبانی ئەفغانستان لە مانگی ئابی ٢٠٢١ گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات لە ئەفغانستان، زۆرێک لە سەرکردەکان و ئەندامانی تاڵیبانی پاکستان پەنایان بۆ ئەفغانستان بردووە. کاربەدەستانی پاکستان کە هۆشدارییان دا لە هەوڵەکانی هیندستان بۆ دروستکردنی نائەمنی لە پاکستان دوای هێرشە کوشندەکەی سەر گەشتیارانی هیندستان لە کشمیر، جەختیان لەسەر پێویستی بەرەنگاربوونەوەی هەر تێکدانێک لەو وڵاتە کردووەتەوە.
عەتاڵا تاتار، وەزیری هەواڵگری پاکستان بە میدیاکانی دەرەوەی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، نیودەلهی هەوڵدەدات هێزە ئەمنییەکانی پاکستان لە سەرنجدان لەسەر شەڕکردن لەسەر سنووری ڕۆژئاوا لابدات، بە تۆمەتبارکردنی ئیسلام ئاباد بە تێوەگلان لە هێرشەکەی ئەم دواییەی بۆ سەر گەشتیارانی هیندستان.