ڕووسیا ئەمرۆ دووشەممە ڕایگەیاند کە “مەرجێکی پێشوەختە” بۆ هەر دانوستانێکی ئاشتی ئەگەری دانپێدانانی نێودەوڵەتییە بە لکاندنی پێنج ناوچەی ئۆکرانیا، لەنێویاندا کریمیا.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕاگەیاند: بۆ چارەسەرکردنی شەڕی ئۆکرانیا، دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە سەروەری ڕووسیا بەسەر ناوچەکانی کریمیا، سیڤاستۆپۆل، دۆنێتسک و لوهانسک و هەروەها خێرسۆن و زاپۆریژژیا زۆر گرنگە.
لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، دانوستانەکانی نێوان ڕوسیا و ئەمریکا سەبارەت بە ئۆکرانیا بەردەوامە و مۆسکۆ هیوادارە بگاتە ئەنجامێکی قبوڵکراو.
هاوکات وتەبێژی کرێملین دووپاتیکردەوە کە مۆسکۆ هێشتا چاوەڕێی “ئاماژەیەک” دەکات لە کیێڤەوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئۆکرانیا.