زارى کرمانجى:
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوو مەرجی بۆ رێککەوتنی ئەمریکا لەگەڵ ئێران خستەڕوو، کە ئەوانیش لەناوبردنی تەواوەتیی بەرنامە ئەتۆمییەکە و نەهێشتنی توانای موشەکە بالستیکییەکانی ئێران دەگرێتەوە.
نەتانیاهوو لە وتارێکدا لە لوتکەی سیاسەتی نێودەوڵەتی “جەی ئێن ئێس” لە قودس رایگەیاند، نابێت بە کەمتر لە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران رازیبن، کە توانای ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ چەکی ئەتۆمی لەناوببات.
نەتانیاهوو، وتى، “تاکە رێککەوتنى باش ئەوەیە هەموو ژێرخانی ئەتۆمى لاببرێت، هاوشێوەی ئەو رێککەوتنەی لیبیا لە ساڵی 2003 لەگەڵ رۆژئاوا کردى و تێیدا وازی لە بەرنامە ئەتۆمی و کیمیایی و بایۆلۆجی و موشەکییەکانی هێنا”.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریدا و وتیشی، “هەر کاتێک ئێران توانای بەدەستهێنانی موشەکی بالیستیکی کیشوەربڕی هەبێت، هەڕەشە لە سەرجەم شارەکانی ئەمریکا دەکات”.
نەتانیاهوو دەشڵێت، “ئەوە مەترسییەکی هەستپێکراوە بۆ ئیسرائیل و جیهانی ئازاد و دەبێت رێگریی لێبکرێت و لەناوبردنی تەواوی ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران لە رێککەوتنەکەدا بخرێتەڕوو.”