زاری كرمانجی – رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە گەڵ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە بێسەروشوێنبووانی زۆرەملێ باس لە پڕۆسەی کردنەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و پشکنینی پێویست دەکات.
رۆژی ٢٨-١٠-٢٠٢٢ لە بارەگای سەرەکی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە کۆشکی ویڵسن لە جنێڤ شاندی ھاوبەشی حکومەتی ھەرێم و حکومەتی ئیتحادی سەردانی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە بێسەروشوێنبووانی زۆرەملێ کرد و لە لایەن کوت ئالف و ئانا فیشەر نوێنەرانی تیمی ناوبراو پێشوازییان لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە سەرپەرشتی د.دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامدرا، باس لە بوونی سەدان گۆڕی بە کۆمەڵی ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی رابردووی قوربانیانی رژێمی بەعس کە بۆ گشت پێکھاتەکانی عێراق دەگەڕێتەوە بە تایبەتی کورد و شیعە کرا، ھەروەھا گۆڕە بەکۆمەڵەکانی قوربانیانی دەستی داعش لە گشت پێکھاتەکان، کە تا ئێستا وەک پێویست کاریان لە سەر نەکراوە و پێویستە میکانیزمێک دابنرێت بۆ کارکردن لە سەر ئەو گۆڕانە.
رێکخەری راسپاردەکان لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر وتی، تا ئێستا بە دەیان گۆڕی بە کۆمەڵ ھەن پێویستیان بە کردنەوە ھەیە، بەڵام حکومەتی ھەرێم ئەو پاڵپشتیەی نییە لە رووی ئامێر و کەلوپەل بۆ کردنەوەیان، ھەروەھا تا ئێستا میانیزمێکی دیاریکراو نییە بۆ ھاریکاری کردنی عێراق و ھەرێم لەو رووەوە لە کاتێکدا ئەم دوو بابەتە گرنگ و پێویستن بۆ چارەسەرکردنی بابەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە پڕۆسەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی و بە دۆکیومێنت کردن و ئەرشیفکردنی بەڵگەنامەکان و ئەو تەحەدیاتانەی رووبەڕووی ھەرێم دەبنەوە کرد و رایگەیاند، لە بابەتی کردنەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی ئیتحادی ھەماھەنگییان ھەیە، بەڵام پرۆسەکە رووبەڕووی تەحەدیاتی زۆر دەبێتەوە بەتایبەتی لە بابەتی کردنەوەی گۆڕەکان و ئەنجامدانی پشکنینی (DNA)، چونکە چەند تاقیگە ھەیە بۆ ئەم پشکنینە لە عێراق کە ژمارەیان بەراورد بە ژمارەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان زۆر کەمە ئەمەش دەبێتە ھۆی دواکەوتنی پشکنینەکان بۆ ماوەیەکی زۆر و ھاوتاکردنی ئەنجامەکان لەگەڵ کەسوکاری قوربانیان بە مەبەستی ناسینەوەیان بۆیە داوا لە تیمی بێسەروشوێنبووانی زۆرەملێ دەکەین کە یارمەتیمان بدات لەو رووەوە.