زارى کرمانجى-سۆران:
ماوەى ٢٤ ڕۆژە تیمەکانى بەرگرى شارستانى سۆران، بەدواى تەرمى مامۆستا ئاڤیستا دەگەڕێن و تا ئێستە نەدۆزراوەتەوە، وتەبێژى بەرگرى شارستانى سۆرانیش دەڵێت: ”تیمەکانمان بەهەمان ژمارەى پیشوو بەردەوام دەبن لە گەڕان بەدواى دۆزینەوەى تەرمى ئاڤێستا”.
ڕەوەند هاودیانى بۆ زارى کرمانجى گووتى: ”لە ئێستەدا هیچ پلانێکمان نییە کە ژمارەى تیمەکانمان کەم بکەینەوە، ڕۆژانە 100 بۆ 120 کارمەند لە ئەرکدان و بۆ دۆزینەوەى تەرمى مامۆستا ئاڤێستا، بەڵام دواى مانگێک ڕاپۆرتی خۆمان دەنێرێن و ئەو کات بڕیار دەدەین کە پلانى گەڕانمان چۆن بێت، پێشتریش حاڵەتى لەو شێوەیەمان هەبووەو لاى ئێمە هیچ هاووڵاتییەک جیاوازى نییە”.
لەبارەى هەبوونى هیچ هیوایەک بۆ دۆزینەوەى تەرمەکە، هاودیانى ڕوونیکردەوە، ناتوانیت هیچ پێشبینیەک بکەیت لە دۆزینەوەى تەرم لەناو ئاودا، بەڵام چەند پرۆسەکە دوابکەوێت هیوایەک هەیە کە تەرمەکە تووشى هەڵئاوسان بێت و سەرئاو بکەوێت، یان کەشوهەوا بەرەو گەرم بوون بچێت و ئاستى ئاو داببەزێت و ڕوون ببێتەوە، ئەو کات بینین باشتر دەبێت و بەهۆى ئامێرى سۆنەر، تیمەکانمان دەتوانن باشتر کار بکەن.
ئاماژەى بەوەشکرد، لەو کاتەوە بارانبارین بەردەوامە و ئاستى ئاو دوو مەتر بەرزبووەتەوە، ئەمەش وایکردووە دۆزینەوەى تەرمى مامۆستا ئاڤێستا ئەستەم بێت.
لە ڕۆژى 5ى نیسانى 2025، (ما. ئاڤێستا ) ى تەمەن 27 ساڵ، لەڕووباری تەنکاتوری نزیک شانەدەر لە سنوری قەزای مێرگەسۆر خنکا، تا ئێستەش تەرمەکەى نەدۆزراوەتەوە.