سەردار قازی ـ سۆران:
یاریگەی نێودەوڵەتی دێڵزیان، کە تایبەتە بەیانەی سۆران، بەهۆی نەبوونی پاسەوان بوەتە لەوڕگایەک بۆ ئاژەڵان و سیمای وەرزشی خۆی لەدەستداوە.
جەبار بابیەزیدین، وەرزشوانێکی ئیدارەی سۆرانە، داوادەکات لایەنی پەیوەست ئاوڕێک لەو یاریگەیە بدەنەوە.
جەبار دەڵێت:” بەهۆی ناکۆکی نێوان زانکۆی سۆران و یانەی وەرزشی سۆران، ئەم کۆمەڵگە وەرزشییە بوەتە قوربانی و بەرەو لەناوچوون دەچێت.”
لەساڵی 2009 ـەوە تا چەند رۆژێک پێش ئێستا، بەگوێرەی رێککەوتنێک لەنێوان زانکۆ و یانەی سۆران، بڕیاردرا بەشی وەرزشی زانکۆی سۆران لەم کۆمەڵگەیە نیشتەجێ بێت، بەرەچاوکردنی کۆمەڵێک مەرج.
هۆڵی داخراوی یانەکە مەترسی رووخانی لەسەرە.
لەئێستادا سکوڵی وەرزشی زانکۆی سۆران، ئەو کۆمەڵگەیەی چۆڵکردووە و تەنها یانەی سۆران سوودی لێوەردەگرێت.
ساڵی رابردوو بنکەی بەرگری شارستانی دیانا، لەبەدواداچونێکدا دەریخست کە هۆڵی داخراوی یانەی وەرزشی سۆران مەترسی رووخانی لەسەرە و گونجاو نییە هیچ چاڵاکییەکی وەرزی لێ بەڕێوەبچێت.
جەبار دەڵێت:” کارەساتە تاکە هۆڵی داخراو لەسنوورە بەرفراوانە بەو شێوەیە بێت و وەرزشکاران نەتوانن کەڵکی لێ ببینن.”
چەند جارێک داوامانکردووە، بەڵام گوێمان لێنەگیراوە.
سدقی مەحموود، سەرۆکی یانەی وەرزشی سۆران، روونکردنەوەدەدات: “چەند جارێک داوامانکردووە لەلایەنی پەیوەست بۆ دابینکردنی پاسەوانێک بۆ ئەم یاریگەیە، بەڵام گوێمان بۆ نەگیراوە و تا ئێستا دابین نەکراوە.”
هەر لەم یاریگەیە رۆژێ سێشەممە یانەی سۆران لەمیانەی بەڕێوەچوونی یارییەکانی گەڕی چوارەمی خولی نایاب، میوانداری یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەکات.