مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ماوەیەكە بڕیار لەسەر بە بەڕێوەبەرایەتی كردنی فەرمانگەی كارەبای ڕواندز هەیە و لە بەدواداچوونێكی زاری كرمانجی بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سۆران ڕایگەیاند “لە دەمێكی نزیكدا بەڕێوەبەرایەتی كارەبای ڕواندز دەكرێتەوە، بەڵام بێ یەكەی ژمێریاریی.”
ئەردەوان ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سۆران لە سەركردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای ڕواندز بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “ڕەزامەندی لە وەزارەتی كارەبای ئەنجوومەنی وەزیران وەرگیراوە بۆ كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای ڕواندز و ڕێكارەكانیش تەواو بوونە و چاوەڕوانی هاتنی لیژنەكانی هەولێرین بۆ كردنەوەی لە دەمێكی نزیكدا،”
بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سۆران ئاماژە بە نووسراوێكی فەرمی وەزارەتی دارایی دەكات كە ئاگاداركراوانەتەوە لە ئێستادا كردنەوەی یەكەی ژمێریاریی وەستاوە، بۆیە دەڵێ “كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای ڕواندز لە ئێستادا یەكەی ژمێریاری تێدا ناكرێتەوە و هەر وەك فەرمانگەیەك ئیش و كارەكانی وەكوو جاران لای ئێمە دەبێت له حیسابات و پرۆژەكان، واته سەربەخۆ نابێت تا ئەو كاتەی یەكەی ژمێریاریی بۆ دەكرێتەوە،”