نووسینی :هیڤی عمر یاسین
شێوازی نووسینی پرسیاری پەڕاوی تاقیكردنەوەكان لەڕووی (ڕستەسازی و خاڵبەندی) لەناوەندەكانی خوێندندا، شێواز چەمكێكی گشتییە لە زانستی شێوازدا (شێوازناسی)دا، لە زمانی ئینگلیزیدا style پێدەگوترێت كە لە stilus ی یونانیەوە هاتووە، بەواتای نووچ دێت كە نامەی پێنووسراوە(هالبڕێگ،٢٠١٠، ١٧٩.)
شێواز بە تەنها لە چوارچوڤی زانستدا نەماوەتەوە، بەڵكو گشت لایەكانی ژیانی مرۆڤ دەگرێتەوە، لەوانە (شێوازی نووسین، شێوازی دەربڕین، شێوازی ڕۆیشتن، شێوازی موبلیات، شێوازی خواردن، ……هتد).
كاتێك باس لە شێوازی نووسین دەكرێت، هزرمان بۆ شێوازی ئەو نووسینانە دەچێت كە لە كتێبەكان و وتارەكانی ماڵپەرەو گۆڤارە ئەكادییمییەكان بڵاو دەكرانەوە ، بۆیە لێكۆلەرانی بواری زمان زیاتر ئاوڕیان لەم نووسینانەداوەتەوە كە لە كتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەكاندا بڵاودەكرانەوە یان ئەو نووسراوانەی كە لە ماڵپەرەكانی دام و دەزگا حكومییەكان بڵاو دەكرانەوە لێكوڵینەوەیان لەبارەی كردووە لە بواری خاڵبەندی شێوازی نووسیندا هەرچەندە شێوازی نووسین زۆر گشتی و فراوانە بەتەنها ناچێتە چوارچێوەی خاڵبەندی زمانیدا.
لێكولەرانی زمان كەمتر ئاوڕیان لە شێوازی نووسینی پرسیاری پەڕاوی تاقیكردنەوەكان داوەتەوە لە ناوەندەكانی خوێندندا، مەبەستمان لە شێوازی پرسیاری پەڕاوی تاقیكردنەوەكان دابەشكردنیان نییە بۆ سێ جۆری ئاست، لە ئاستی : ئاسان و مامناوەند، گران ، یان ئەو پرسیارانەی كە كراوەن، جۆرێكی تری پرسیار ئەو پرسیارانەن كە دەچنە چوارچێوەی وشە پرسەكاندا، وەكو: كێ؟، چۆن؟، بۆچی؟، كەی؟، لەكوێ؟، چەن؟، چی؟ ئایا ؟ ئەگەر هەموو پرسیارێكی پەڕاوی تاقیكردنەوەكاندا خۆیان لە جۆرە پرسانە دیتبایەوە ئەوا ڕووبەڕووی هەڵەی ڕستەسازی و خاڵبەندی نەدەبووینەوە، جگە لەو وشە پرسانە لەكاتی ئاخاوتندا بەپێی ئاواز و تۆنی قسەكەر دیار دەبێت لەكاتی نووسینشدا بەپێی نووسینی خاڵبەندی دیار دەبێت، بەڵام كۆمەڵێك شێوازی پرسیار هەن لە تاقیكردنەوەكاندا بەكاردێن ڕستەی داخوازین لەكۆتاییشدا نیشانەی (؟) پرس دادەنرێت. هەرچەندە لە ڕستەی داخوازی كەسی دووەم كە داوالێكراوە ئازادە لە جێبەجیكرنی داواكە، بەڵام لە فەرمانداندا مەرجە جێبەجێ بكرێت، هەرچەندە لەزمانی كوردیدا ڕستەی داخوازی و فەرماندان بە هەمان یاسا دروست دەبن، بەڵام زمانوانەكان لەڕێی ئەم وشانەوە جیاكارییان كردووە و بە بەكارهێنانی وشەی وەكو : بێ زەحمەت، دەتوانی، پێتدەكرێت….هتد. كە ئەمەش كەسی داوالێكراو ئازادە لە جێبەجێكردنیدا.
شێوازی پرسیارەكان
یەكەم: پرسیاری شیكاركردن
ئەم جۆرە پرسیارە لە بابەتی بیركاریدا بەكاردێت.
نموونە:
شێوازی هەڵە : پ/ ئەم هاوكێشەیە شیكاربكە؟ x+2-3x=
پ/ ئەم هاوكێشەیە شیكار بكە: x+2-3x=
ئەم جۆرەیان هەڵەیە، چونكە ڕووبەڕووی دوو هەڵە دەبینەوە كە هەڵەی ڕستەسازی و خاڵبەندین، لە هەڵەی ڕستەسازیدا ڕستەكە ڕستەی فەرماندانە نە پرسیاری، لە خاڵبەندیشدا ناتوانین لە نیشانەی پرس (؟) بۆ ڕستەی فەرماندان و داخوازی دابنێین، یان جووت خاڵ(:) كە ئەم جۆرەشیان كاتێك قسەیەك دەقاودەق وەكو خۆی دەگێرینەوە بەبێ دەستكاری لە پێش قسەكەی دادەنرێت یان ڕاڤەی بابەتێك یان لە نێو كاتەكانی كاتژمێردا بەكاردێت، یان بۆ ژماردنی بابەتێك زیاتر بەكاردێت.
شێوازی ڕاست: پ/ شیكاری ئەم هاوكێشەیە چییە؟ x+2-3x=
پ/ شیكاری ئەم هاوكێشەیە چۆنە؟ x+2-3x=
دووەم: شێوازی پرسیاری ئەنجام
ئەم شێوازە خۆی لە بابەتەكانی مێژوو و بیركاریدا دەبینێتەوە، لە وانەكانی تردا بەگوێرەی بابەتەكان دەگوڕێت، بەڵام گرینگە پرسیارەكان پرسیار بن، نەك ڕستەی داخوازی و فەرماندان.
بۆ نموونە:
مێژوو
شێوازی هەڵە (نادروست) پ/ ئەنجامەكانی جەنگی چاڵدێران بنووسە؟
ئەم پرسیارەی سەرەوە ڕستەی داخوازییە نەك پرسیاری.
شێوازی دروست پ/ ئەنجامەكانی جەنگی چاڵدێران چین؟
بیركاری
پ/ ئەنجامی لێكدانی ئەم كەرتە بدۆزەوە؟
شێوازی دروست پ/ ئەنجامی لێكدانی ئەم كەرتە چییە؟
پ/ئەنجامی لێكدانی ئەم كەرتانە چۆنە؟ یان چۆن دەی دۆزیتەوە؟
درووستی ئەم دوو شێوازە لەوەدایە قوتابی( خوێندكار) بەدوای چییەتی ئەنجامدا دەگەڕێت بۆیە ڕێگای دۆزینەوەی ئەنجام دەگرێتە بەر، لەڕستەی داخوازیشدا هەمان شێوەیە بەدوای چارەی پرسیاردا دەگرێت ، بەڵام كێشەكە ئەوەیە پرسیار نییە، لە شێوازی دووەمی پرسیار لە چۆنیەتی دۆزینەوەی ئەنجام كراوە، لێرەش بەهەمان شێوە بەدوای ڕێگەی دۆزینەوەی ئەنجامدا دەگەڕێت، ئەگەر شێوازی پرسیارەكەش داوای ساغكردنەوەی وەڵامی كرد، باشتروایە لەباتی بنووسرێت: پ/ چۆن ئەنجامی ئەم هاوكێشە ساغدەكەیتەوە؟ یان چۆن بەسادەترین شێوە دەنووسیت؟
سێیەم: پرسیاری پێناسەكان
هەرچەندە ئەم شێوازی پرسیارە زیاتر لەم وانانە بەكاردێت كە دەچنە خانەی زانستە مرووییەكانەوە، بەڵام واتای ئەوە نییە كە زانستە سروشتییەكان نەگرێتەوە، بۆ زۆربەی بابەتەكان بەكاردێن، كە بریتین لە بابەتی : كۆمەڵایەتی، زانست، كوردی ئایین، بیركاری، كە ئەم جۆرەیان قۆناغی بنەڕەتی دەگرێتەوە، لە قوناغی ئامادەیی و دواناوەندی بابەتی وەكو كوردی و ئایین و بیركاری تا دوا قۆناغدا هەن كە پۆلی دوازدەیە، بەڵام بابەتەكانی : مێژوو، جوگرافییا، ئابووری، فیزیا، كیمیا زیندەزانی كە لە قوناغی ئامادەیی جیادەبنەوە، لەم بابەتەنەش ئەم جۆرە پرسیارە بەكاردێن.
نموونەی پەڕاوی تاقیكردنەوەكان
شێوازی هەڵە پ/ پێناسەی هەریەك لەمانەی خواڕەوە بكە؟
پ/ پێناسەی ئەمانەی خوارەوە بكە؟
(بكە) ڕستەكەمان دەكاتە ڕستەی فەرماندان
شێوازی دروست پ/ پێناسەی ئەم چەمكانەی خواڕەوە چییە؟
پ/ پێناسەی ئەم زاراوانەی خوارەوە چییە؟
چوارەم: پرسیاری بۆشایی
ئەم جۆرەیان بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی بە وشەی گونجاو بەكاردێت، ئەم جۆرەشیان بە ڕستەی داخوازی (فەرماندان) دەنووسرێت و لە كۆتایشدا نیشانەی پرسیار(؟) دادەنرێت.
شێوازی هەڵە (نادروست) پ/ ئەم بۆشاییانە بە وشەی گونجاو پڕبكەوە؟
شێوازی دروست پ/ وشەی گونجاو بۆ پڕكردنەوەی ئەم بۆشاییانە چین؟
پێنجەم: جیاوازیكردن
جۆرێكی تری پرسیارە لە پەڕاوی تاقیكردنەوەكاندا دادەنرێت، بەگوێرەی بابەتی وانەكان دەگۆڕدرێت.
نموونە :
شێوازی هەڵە (نادروست) پ/جیاوازی لە نێوان توخمە زۆربوون و ناتۆخمە زۆربوون بكە؟
ڕستەكەمان ڕستەی فەرماندان یان داخوازییە، نیشانەی پرسیار لە ڕستەی داخوازی و فەرماندان دانانرێت.
شێوازی درووست پ/جیاوازی لە نێوان توخمە زۆربوون و ناتوخمە زۆربوون چییە؟
شەشەم: پرسیاری ڕاست و هەڵە
ئەم جۆرەیان بۆ دانانی نیشانەی (✔) بەرامبەر دەستەواژە و ڕستەی ڕاستدا دادەنرێت، نیشانەی ((x
بەرامبەر دەستەواژەی هەڵە یاخود نادروست دادەنرێت.
شێوازی هەڵەی ئەم پرسیارە بەم جۆرەیە؛
پ/ نیشانەی ڕاست (✔) بەرامبەر دەستەواژەی ڕاست دابنێ، نیشانەی (×)، بەرامبەر دەستەواژەی هەڵە دابنێ؟
ئەم شێوازە ڕستەی داخوازییە ناتوانین بە پرسیار دابنێین و لە كۆتاییدا نیشانەی پرسیار دابنێین.
شێوازی درووست ڕستەی پرسیاری
پ/كام لەم دەستەواژانەی خواڕەوە (✔)ڕاستن؟ كامیان(×) هەڵەن؟
حەوتەم : پرسیاری واتاكردنەوە
ئەم جۆری پرسیارە زیاتر لەوانەی پەروەردەی ئیسلامی بەكاردێت، ئەویش بەدەر نەبووە لە بەكارهێنانی شێوازی ڕستەی داخوازی بە نیشانەی پرسەوە، كە بەم شێوازە نووسراوە، كە شێوازێكی نادروستە و نابێتە پرسیار.
شێوازی نادرووست ڕستەی داخوازی (فەرماندان): پ/ واتای ئەم فەرموودەیە بنووسە ؟ (پ/ واتای ئەم ئایەتە بنووسە؟ )
شێوازی درووست( ڕستەی پرسیار): پ/واتای ئەم فەرموودەیە چییە؟ (پ/ واتای ئەم ئایەتە چییە؟ )
هەشتەم: هەڵبژاردن
باوترین جۆری پرسیارە بەتایبەتی پرسیاری وەزاری بۆ پۆلە كۆتان قۆناغی نۆی بنەڕەتی و دوازدەی ئامادەی كە ڕێژەی پرسیارەكان ١٠٠٪ هەڵبژاردانە.
شێوازی هەڵە:
پ/وەڵامی ڕاست هەڵبژێرە؟ )پ/ وەڵامی ڕاست هەڵبژێرە:)
ئەم دوو شێوازە بەپێی یاسای ڕشتەی داخوازی و فەرمانداندا درووست بووینە، نیشانەی (؟) پرسیار و (:) بۆ ڕستەی داخوازی ناگونجێن و بەكارنایەن.
شێوازی درووست:
پ/ وەڵامی ڕاست بۆ ئەم هەڵبژاردنانە چین؟
یانیش دەتوانین تەنها بنووسین ، هەڵبژاردن، بەو مەرجەی كورتكراوەی پرسیار لەتەنیشتی نەكرێت.
نۆیەم : شێوازی بەیەك گەیاندن
ئەم جۆرە پرسیارە بە شێوەی ستوونییە، لە ستوونی یەكەم بە چەند ڕستە و دەستەواژەیەك دادەنرێت پاشان لە ستوونی دووەم تەواوكەری ستوونی یەكەم بە تێكەڵی دەنووسرێت بۆئەوەی هێڵەكان بەرامبەر دەستەواژەی درووست بگەینرێت.
شێوازی هەڵە :
پ/ لیستی (ٲ) بە لیستی (ب) بگەینە؟ ) پ/ لیستی (ٲ) بە لیستی (ب)گەینە:)
بۆ ڕزگاربوون لە ڕستەی داخوزی تەنها دەتوانین بنووسن، بەیەكگەیاندن یان بۆ ڕونكروونەوە ئەم دوو شێوازە پرسیار درووست بكەین؛
پ/ لیستی(ٱ) چۆن دەگەینی بە لیستی (ب)؟ ) پ/ وەڵامی ڕاست لە لیستی (ب) بۆ لیستی (ٲ) چییە؟ )
دەیەم:ژماردن
ئەم جۆرەیان بۆ ژماردنی بابەتێك بەكاردێت، كە چەندێتی و جۆر لە خۆ بگرێت، یان خاڵەكانی ڕێكەوتننامەیەك، یان ئەنجامی شەڕێك بەخاڵ، هۆكارەكانی ڕوخانی دەوڵەتێك بە خاڵ ، بەیاننامەیەك، بەرهەمی كەسێك، جۆری بابەتێك…هتد.
شێوازی هەڵە:
پ/ جۆرەكانی دانەوە بژمێرە(بنووسە)؟ ) پ/ بەرهەمەكانی جگەر خوێن بنووسە؟)
شێوازی درووست:
پ/ جۆرەكانی دانەوە چین؟ ( پ/چەند جۆر دانەوە هەیە؟)
پ/ بەرهەمەكانی جگەر خوێن چین؟ ( جگەر خوێن چەند بەرهەمی هەیە؟
یانزەم: باسكردن
جۆرێكی تری پرسیارە لە پەڕاوی تاقیكردنەوەكاندا بەكاردێت.
شێوازی هەڵە : پ/ بەكورتی باسی یاسای دووەمی نیوتن بكە؟ )شێوازی درووست: پ/ یاسای دووەمی نیوتن چییە؟ )
لەپرسیاری باسكردندا دەتوانرێت سوود لە گشت وشە پرسەكان وەربگیرێت.
دوازدەیەم : وێنە
ئەم جۆرەیان بۆ بابەتی زانست بەكاردێت، یان نەخشە.
شێوازی هەڵە: پ/ بەشەكانی ئەم وێنەیە بنووسە؟
شێوازی درووست: پ/ بەشەكانی ئەم وێنەیە چین؟
سێزدەیەم : هێنانەوەی نموونە
ئەم جۆرەیان لە بابەتەكانی زمان پەیڕەو دەكرێت، كەیاسای ڕێزمان دەگرێتەوە نموونەیەكی جێگیری بۆ نییە.
شێوازی هەڵە :پ/ بۆهەر یەك لە مانە نموونەیەك بێننەوە؟ ١ -كاری ڕانەبردوو ۲-كاری ڕابردوو
شێوازی درووست : پ/ چین ئەو نموونانەی بۆ كاری ڕانەبردوو و ڕابردوو بەكاردێت؟
لە كاتی تێبینیدا لە پەڕاوی تاقیكردنەوە، دەتوانین ڕونكردنەوە بدەین، ئەوكات ئەكەر ڕستەكە كاری داخوازی یان فەرماندان بوو هەڵە نابێت، چونكە پرسیار نییە، بەڵكو تێبینییە یان ڕونكردنەوەیە، بەڵام ئەو كات نابێت نیشانەی (؟) دابنرێت، چونكە پرسیار نییە.