زاری كرمانجی-سۆران:
نوێنەری سەرۆک بارزانی بۆ کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە قامیشلۆ، لە گوتارێکیدا پەیامی سەرۆک بارزانی خوێندەوە و ڕایگەیاند، ئەم کۆنفرانسە دیدگایەکی مێژووییە بۆ یەکڕیزیی کورد و چارەکردنی دۆزی کورد
حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک بارزانی بۆ کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە قامیشلۆ، پەیامی سەرۆک بارزانی خوێندەوە و ڕایگەیاند، ئەم کۆنفرانسە دیدگایەکی مێژووییە بۆ یەکڕیزیی کورد و چارەکردنی دۆزی کورد تاکوو بەشداریی کورد لەم وڵاتەدا مسۆگەر بکات.
گوتیشی: بەشداریی هەمووان لەو کۆنفرانسە هۆکارە بۆ پاشەڕۆژێکی باش بۆ هەموو سووریا، لەو چورچێوەیەدا سوپاسی هەوڵی مەزڵوم عەبدی دەکەین بۆ ئامادەکاریی و بەستنی ئەو کۆنفرانسە، هیوادارم لە هەوڵەکانی بەردەوام بێت، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتن و یەکڕیزی و هەماهەنگی لە نێوان گەلی کورددا. هیوادارین ئەمە ببێتە هۆی بنیادنانی دوا ڕۆژێکی ڕوون بۆ کوردانی سووریا.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ بەهۆی گۆڕانی دۆخی سووریا، دەرفەتی باش بۆ گەلی ئێمە هاتووەتە پێش، بەرپرسیارەتیەکی مێژووییە بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاڵنگارییانەی کە لەچوارچێوەی سووریادا بۆ گەلی ئێمە دێتە پێشەوە، هەروەها تێکۆشانی ئاشتیانە وەکوو بژاردەیەک بۆ دەستەبەرکردنی مافی گەلی ئێمە زۆر گرنگە.
ڕاشیگەیاند، لەو چوارچێوەیەدا دووپاتی دەکەینەوە ڕێگەی چارەی ئاشتیانە و دیپلۆماسی بۆ چارەکردنی کێشەکان زۆر گرنگە، دەبێت ئێوە ئاگاداربن شەڕی ناوخۆی سووریا کاریگەریی خراپی لەسەر بنەماکانی کۆمەڵگە و ئاوارە بوونی ملیۆنان کەس کردووە و هەروەها تێکچوونی ژیان و مەترسی شەڕی مەزهەبی و تیرۆر هەبووە.
ڕاشیگەیاند، ئێمە پشتگیریی سووریایەکی نوێی دیموکرات دەکەین، کە مافی هەموو پێکهاتە و گەلی سووریا تێیدا پارێزراو بێت، نابێت سیمای هێزی دیکتاتۆریەت بمێنێت، هەروەها پشتیگریی نوسینەوەی دەستوورێک دەکەین کە گەرەنتی ئەو پرەنسیپانە بکات، کە ئەولیەت بە پێکەوەژیان و ئارامیی و لێبوردن لە وڵات بدات، وە گرەنتی مافی هەموو پێکهاتە سیاسییەکان و گەلی سووریا بکات.