لە هەولێر، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و فەرماندەی گشتیی هەسەدە، کۆبوونەوە، دۆخی سووریا بە گشتی و ڕۆژئاوای کوردستانیان بە تایبەت تاوتوێ کرد.
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، 23ی نیسانی 2025، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆ بووەوە.
بە گوێرەی زانیاریی میدیاکانی نزیک لە هەسەدە، لە کۆبوونەوەکەدا کە ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش تێیدا بەشدار بوو، بارودۆخی گشتیی سووریا، ئارامی و سەقامگیریی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕۆڵی فەرەنسا لە قۆناغی ڕاگوزەری سووریادا تاوتوێ کراوە.
فەرەنسا، یەکێک لەو وڵاتانەی بەردەوام پشتیوانیی مافی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان و گرنگی بەشداریی کورد لە ئاوەدانکردن و بەڕێوەبردنی سووریای نوێدا کردووە. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا چەند جارێک دووپاتی کردووەتەوە “کورد دۆستی فەرەنسان و دەستبەرداریان نابین.”
هاوکات، باس لەوە دەکرێت، فەرەنسا پلانێکی بۆ زیادکردنی ژمارەی سەربازەکانی لە ڕۆژئاواوی کوردستان هەیە و دەیەوێت نێودەنگیریی لە دانوستانی نێوان بەرپرسانی هەسەدە و حکوومەتی تورکیادا بکات.