ڕاپۆرت-زاری كرمانجی
بەپێی زانیارییەكانی زاری كرمانجی چەندین خێزانی ئاوارەی شارو شارۆچكە و ناوچەكانی عێراق لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ماون و خواستی گەڕانەوە ناكەن، نیگەرانی خۆشیان دەردەبڕن كە چەندین ساڵە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق پشتی تێكردوون و هاوكاریان ناكات، بەڵكوو تەنها حكوومەتی هەرێم و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و چەند دەزگایەكی ناوخۆیی هاوكاریان پێشكەش كردوون.
لەمبارەیەوە محەممەد عەبدول، گەنجێكی ئاوارەی ناوەڕاستی عێراقە، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: “ئەو كاتەی لەسەردەمی شەڕی داعش ئاوارەی دەڤەری سۆران بووین، تەمەنم لە سەرووی 10 ساڵیەوە بوو، بەڵام بەهۆی میواندۆستی خەڵكی دەڤەرەكە و بوونی پێكەوەژیانی پتە و لە هەرێمی كوردستان لێرە زۆر ئاسوودە و دڵخۆشین، تەنانەت لە ماوەی ئاوارەبوونمان بەتەواوی فێری زمانی كوردی بووینە، بە ئەستەم لە خەڵكی دیكە جیا دەكرێنەوە، ئەگەر خۆمان نەڵێین عەڕەبین كەس نازانێت”.
گووتیشی: ” زۆربەی گەنجانی هاوشێوەی منی ئاوارە، لە ماركێت و خواردنگەو ناوچەی پیشەسازی كاردەكەین، هەڵسوكەوتی خەڵكەكەش زۆرباشە لەگەڵمان و توانیومانە ژیان و بژێوی خۆمان دابین بكەین، هەروەها سەر و ماڵمان پارێزراوە، بۆیە تائێستا خێزانەكانمان ئارەزووی گەڕانەوەیان نەكردووە بۆ ئەو ناوچانەی كە پێشووتر لێی هاتووین”.
ئافرەتێكی دیكەی خەڵكی سنووری مووسڵ نەیویست ناوەكەی بنووسین وەك خۆی دەڵێت: ” چەندین ساڵە ئاوارەی دەڤەری سۆرانە، خۆشبەختانە لێرە ئاسانكاری باشیان بۆ كراوە، تەنانەت منداڵەكانی توانیویانە لە ناوەندەكانی خوێندنی دەڤەرەكە، درێژە بە خوێندنەكەیان بدەن و بڕوانامە لە زانكۆ و پەیمانگەكانی سنووری ئیدارەی سۆران بەدەست بهێنن”.
ئەو ئافرەتە ئاوارەیە دەشڵێت: ” بە بیانووی ئەوەی كە گوشاری گەڕانەوەمان لێدەكرێت، حكوومەتی عێراق چەندین ساڵە هیچ هاوكارییەكمان پێشكەش ناكات، تەنانەت بەشە خۆراكی مانگانە ناتوانین لەو شوێنەی لێی هاتووین بیگوازینەوە بۆ ئەو سنوورە، لەگەڵ ئەوەشدا لێرە ئاسوودەین و چەندین جاریش دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێكخراوە خێرخوازییەكانی هەرێمی كوردستان ئاوڕیان لێمان داوەتەوە و هاوكاریان پێشكەش كردووین، بەگشتی بە شێوەیەك ڕاهاتووین و ئاسودەین لێرە هەرگیز بیرمان لە گەڕانەوە نەكردووە بۆ شار و شارۆچكەكانمان.
لای خۆیەوە عەباس ئەمیر، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: ” هەمیشە دەڤەری سۆران ماڵێك بووە بۆ ئاوارە و لێقەوماوان، وەك دیاریشە دوای شەڕی داعش و خراپی ڕەوشی شار و شارۆچكە و ناوچەكانی عێراق، هەزاران خێزانی ئاوارە ڕوویان لە سنووری ئیدارەی سۆران كرد، دوای ئازادكردنەوەی ناوچەكانیان بەشێكی زۆر لەو ئاوارانە گەڕانەوە، سەرەڕایی ئەوەش لە ئێستادا نزیكەی 140 خێزانی ئاوارەی شار و شارۆچكەكانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكان لە سنوورەكەمان ماون و تائێستا نەگەڕاونەتەوە و لێرە هاوشێوەی خەڵكی ناوچەكە سەرقاڵی كارو كاسبین و سەرو ماڵیان پارێزراوە بەمەش خواستی گەڕانەوە ناكەن بۆ شار و شارۆچكە و ناوچەكانیان”.
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی كە چەند ساڵێكە حكوومەتی عێراق و تەنانەت ڕێكخراوە بیانییەكانیش دەستی هاوكاری بۆ ئەو ئاوارانە درێژ ناكەن كە لە سنوورەكەمان ماون و دەرفەتی گەڕانەوەیان نەبووە، یان خۆیان ئارەزووی گەڕانەوە ناكەن، بەڵكو دەزگای خێرخوازی بارزانی و رێكخراوە ناوخۆییەكان بوونەتە جێگرەوە بۆ بەهاناوەچوونی ئاوارە و لێقەوماوان، بەپێی ئەو ئیمكانیاتەی لەبەردەستیان بووە، هاوكار پێشكەش بە ئاوارە و كەسانی خاوەن پێداویستی دەكەن”.