ڕاپۆرت-زاری كرمانجی
كەسانێك بەبێ هەستكردن بە بەرپرسیارییەتی ئاژەڵەكانیان بەڕەڵڵای ناو شەقام و گەڕەك و كۆڵانەكانی شار و شارۆچكەكان دەكەن، ئەوەش زیانی زۆر بە دار و درەخت و سەوزایی دەگەیەنێت، چالاكوانانی ژینگەپارێزی دەڤەری سۆران، داواكارن لە شارەوانییەكان ڕێكارەكانیان توندتر بكەن، بۆ ڕێگەگرتن لەو دیاردەیە لەپێناو پاراستنی سروشت و ژینگە.
لەمبارەیەوە محیەدین حاجی، هاووڵاتییەكی دانیشتووی سنووری ئیدارەی سۆرانە، بە زاری كرمانجی گووت: ” بەتایبەت لەم چەند ساڵەدا بایەخی زۆر دراوە بە ڕازاندنەوەی شەقامەكانی شارو شارۆچكەكانی ئیدارەی سۆران، بە گوڵ و گوڵزار و درەختی جۆراو جۆر، ئەوەش جگەلەوەی سیمایەكی جوان بە شار دەبەخشی لەهەمانكاتیشدا كاریگەری باشی دەبێت لەسەر ژینگە و زیادكردنی سەوزایی، هەروەك ژینگەی پاك سەرچاوەی تەندروستی مرۆڤە، بۆیە ئەركە هەموو لایەك خۆمان بە بەرپرس بزانین و پارێزگاری لە ژینگەی دەڤەرەكەمان بكەین”.
نیگەرانی خۆشی دەربڕی لەوەی كە بەداخەوە كەسانێكی دانیشتووی شار و شارۆچكەكان بەبێ هەست كردن بە بەرپرسیاریەتی پەنا دەبەنەبەر بەخێوكردنی ئاژەڵە خۆماڵییەكان و بەشێك لەوانە بەبێ لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندی گشتی ئەو ئاژەڵانە بەڕەڵڵای ناو گەڕەك و شەقامەكانی شار و شارۆچكەكان دەكەن و دەبنە هۆی زیان گەیاندن بە سروشت و دارو درەختەكان، لە هەمانكاتیشدا زبڵ و خاشاكی ناو كیسەو حاویەی بەردەم ماڵان پەرتووبڵاو دەكەنەوە و هاووڵاتییان بێزار دەكەن”.
ئەو هاووڵاتییە دەشڵێت: ” ئەوە لەكاتێكدایە چەندین جار لەلایەن تیمەكانی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەو كەسانە ئاگادار كراونەتەوە كە ئاژەڵ لەناو شار بەخێودەكەن، تەنانەت دەست بەسەر ئاژەڵەكانیشیاندا گیراوە، بەڵام تائێستا نەتوانراوە ئەو دیاردەیە بەتەواوەتی بنبڕ بكرێت، داواكارین لەو جۆرە كەسانە ئەگەر نیازی بەخێوكردنی ئاژەڵی ماڵیان هەیە با لە دەرەوەی شار ئەو كارە بكەن، ڕاستە بەخێوكردنی ئاژەڵی ماڵی كارێكی پیرۆزە و كاریگەریشی دەبێت لەسەر ئابووری كۆمەڵگە، بەڵام ئەگەر بەشێوەیەكی تەندروست نەبێت دواجار زیانی بۆ هەموو لایەك دەبێت.
لای خۆیەوە سیروان شێخ حاجی مزووری بەرپرسی ڕێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: “وا بەهارداین دار و درخت و گوڵەكان دەخەملێنەوە سەوز دەبن و گەشە دەكەن، بۆیە ئەركە بەو پەڕی هەستكردنمان بە بەرپرسیارییەتی پارێزگاری لەو ژینگە جوانە بكەین، كەچی بە پێچەوانەوە ساڵانە بەهۆی ئاژەڵی بەڕەڵڵا، لە زۆر شوێن زیانی زۆر بە گوڵ و گوڵزار و درەخت و نەمامەكانی گەڕەكەكان و دوورگەی شەقام و سەر شۆستەكانی شارو شارۆچكەكان دەگەیەنن، ئەوە لە كاتێكدایە ساڵانە خەرجییەكی زۆر لە كڕین و چاندنی ئەو نەمام و گوڵانە دەكرێت، بەتایبەتیش لە ئاهەنگ و بۆ نەكان، هەڵمەتی فراوان ئەنجامدەدرێن بۆ چاندنی نەمام و زیادكردنی سەوزایی”.
بەرپرسی ڕێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە، گووتیشی: ” تەنها چاندنی نەمام و گوڵ و گوڵزارەكان بەتەنها بەس نییە، بەڵكو لەوە گرنگتر ئەركی پاراستنیان پێویستە، لە ڕووی ئاودان و خزمەتكردنیان و پاراستنیان لە ئاژەڵ و تەنانەت ئەو كەسانەش كە پەنا بۆ لەناوبردنی دارو درەختەكان دەبەن و زیانیان پێدەگەیەنن، هەرچەندە هەڵمەتەكانی لیژنەی تایبەت لە شارەوانییەكان بەردەوام بوونە، بۆ پێدانی هۆشیاری بە خاوەن ئاژەڵەكان و دەست بەسەرداگرتن و تێكدانی شوێنی بەخێوكردنی ئاژەڵ لەناو گەڕەك و كۆڵانەكانی سەنتەری شارو شارۆچكەكان، كەچی تا ئێستا نەتوانراوە ئەو دیاردەیە بەتەواوەتی بنبڕبكرێت و پێوێستی بە سزا و ڕێكاری توندتر هەیە”.
ئەو ژینگەپارێزە دەشڵێت: ” بایەخدان بە ژینگەو زیادكردنی سەوزایی، هێمای شارستانییەت و پێشكەوتنی وڵاتانە، هەروەها كاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر سروشت و تەندروستی مرۆڤ، بۆیە گرنگە هەموو ئەو لایەنە بەهەند وەربگرین، بەچاندنی نەمامێك لە بەردەم ماڵەكانمان و پارێزگاری كردن لە ژینگەی دەوروبەر، چونكە ئەگەر هەموومان هاوكار نەبین، ئەم كارە بەتەنها بە شارەوانییەكان كۆنتڕۆڵ ناكرێت، لە ئەنجامی هەست بە بەرپرسیاریەتی نەكردنی كەسانێكی ئاژەڵدار، كە پێیانوایە لەوەڕگای ئاژەڵەكانیان دار و درەخت و گوڵ و گوڵزار و خاشاكی بەردەم ماڵەكانە.