“تەنیا یەک گۆرانی بێژمان ببێتە ئینتەرناشناڵ زۆری تری بەدووادا دێت”
” دوو بەرهەمم ئامادەیە، تەنیا کلیپیان ماوە “
” هونەر دنیایەکی جوان و دوور لە ئاژاوەیە و هێمنیت پێ دەبەخشێت”
“نابێ وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕێگە بە بڵاو بوونەوەی هەموو جۆرە کارێک بدات”
شارێك بەردەوام لە پێگەیاندنی گەنج و توانای نوێ، لە هەر شوێنێك باسی میوزیك، هونەر و ئەدەب و رۆژنامەگەری بكرێت ناكرێت باسی رواندزی بووكی جوانی و قەلای مەردان نەكرێت، نەوەی رابردوو، ئەمڕۆ و دورۆژیان رادەستی گەنجانی بەتوانا كردووە بۆ بەردەوامیدان بە رەورەوەی مێژووی ئەدەب و رۆشنبیری لە رواندز، یەكێك لەو گەنجانەش (ئامانج خزر عەزيز)ە كە، لە ئاسمانی هونەری گۆرانی دەدەرەوشێتەوە و ئەسپی خۆی تاو دەدات بۆ گەیشتن بە لوتكەی خزمەت.
ئامانج ڕواندزی ساڵی 1991 لە شارە دڵڕفێنەكەی رواندز چاوی بە خەرەند و هەندرێن و مێگر و گەڵی خاڵەڕەش هەڵێناوە و گوێكانی بە مۆسیقای پڕجۆش و خڕۆشی بێخاڵ شەڵالی خەرەند و مۆسیقاكانی مامۆستا زرار مستەفا كرانەوە، ئەو هەر چەندە دەرچووی کۆلێژی یاسایە و لە پەنای کاری هونەری ڕۆژانە لە پەرلەمانی کوردستان ئەركی پێسپێردراوە، بەڵام دانەبراوە لە هونەر و لەگەڵ خوێنی تێكەڵ بووە.
وەك ئامانج گووتی: لە تیپی نەوەکانی پاشای گەورە لە کۆمەڵەی هونەرو وێژەی کورد لقی ڕواندز بە سەرپەرشتی خوا لێخۆش بوو م. زرار مستەفا چۆتە نێو دونیای میوزیك و گۆرانی و هەر لە تەمەنی منداڵییەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە، سەرەتا وەک ژەنیاری ئامێری عود و دواتریش گۆرانی گۆتن رۆڵی بەرچاوی هەبووە، تا ساڵی ٢٠١٢ یەکەم ڤیدیۆ کلیپی بڵاو کردەوە و پێشوازی زۆری لێكراو و بووە خاوەن هەوادارێكی زۆر .
ئامانج زیاتر بەوە ناسراوە كە حەزی بە مرۆڤایەتییە و دەیەوێت هەمیشە لە كارەكانیدا پەیامی مرۆڤ دۆستی بگەنێت” ئەو لە بارەی ئەم پەیامە لە نێو گۆرانی كوردی بۆ زاری كرمانجی گووتی ” بە داخەوە ئێستا کەم کەم ئەو گۆرانیانە دەبینین کە خزمەت بە مرۆڤایەتی دەگەیەنن لەناو کوردا هەیە، بەڵام وەک پێویست نا ، بە داخەوە گۆرانی خراپ زۆر بووە، خراپ بەو مانایەیی کە میلۆدییەکەی هی وڵاتێکی ترە یان تێکستەکە بە جۆرێکە لەگەڵ کولتور و کۆمەڵگەی ئێمە ناگونجێت”.
ئەو لە بارەی هۆكارەكانی بە جیهانی نەبوونی هونەرمەندی كوردی گۆرانبێژ دەدوێت و دەڵێت” هونەرمەندی کوردی زۆر باشمان هەیە، هەم لە کۆن و ئێستاش، بەڵام ئەوەی کە نەمانتوانیوە بە جیهانی ببین من بۆ دۆخی سیاسی کورد دەیگێرمەوە، هەموو ئەو سەرکۆن و راگواستن و ئەنفال و ئەو هێرشە ناڕەوایەنەی بۆ سەر گەلی کورد کراوە، بواری هونەریش بێ بەش نەبووە و کاریگەری نەرێنی هەبووە و گۆرانی بێژەکان نەیانتوانیوە بەو ڕۆحییەتە کار بکەن بۆ ئەوەی سنووری گۆرانی کوردی فراوانتر ببێت، هەوڵیش هەبووە بۆ ئەم کارە، بەڵام تا ئێستا ئەمە ڕووی نەداوە، پێم وایە تەنیا یەک گۆرانی بێژمان ببێتە ئینتەرناشناڵ ئەوە زۆری تری بەدووادا دێت” .
ئامانج رواندزی، ئێستا ٢ بەرهەمی ئامادەیە، تەنیا کلیپیان ماوە، وەك خۆی گووتی” لەم نزیکانە کارەکانیان تەواو ببێت بڵاویان دەکاتەوە . کارێکیان مۆدێرنە و یەکێکی تر کلاسیک و کوردانەیە”.
ئەو گۆرانی بێژە گەنجە پێیوایە ” میوزیک خۆراکی ڕۆحە، لە دونیادا میوزیک وەکو چارەسەر بەکار دێت، بەڵێ میوزیک و گۆرانی دەتوانن مرۆڤ لە خەم و خەفەت و کێشە رزگار بکات یا کەمی بکاتەوە، چونکە دنیای هونەر دنیایەکی جوان و دوور لە ئاژاوەیە و هێمنیت پێ دەبەخشێت”.
ئامانجی هونەرمەند، وێرای گەش بینییەكانی بەڵام تێبینیشی لەسەر هەندێك هونەرمەند هەیە و دەڵێت ” ئێستا هونەری کوردی پێشکەوتنی باشی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام کۆمەڵێک هونەرمەند و گۆرانی بێژی نا بەرپرس دوور لەوەی بزانن نوێنەرایەتی هونەری میللەتێک دەکەن، ڕۆژانە دەبینین کاری زۆر خراپ لە ڕووی میلۆدی و تێکستەوە بڵاو دەکەنەوە کە بە داخەوە گوێچکەی گوێگریشیان سەقەت کردووە، تەنیا بۆ بە دەست هێنانی لایک و ڤیوو”.
بۆ ئەوەی گۆرانی كوردی بەرەو قۆناغیكی باشتر ببردرێت رای خۆی دەخاتەڕوو، دەڵێت” ئەوەی پێویستە بکرێت سەرەتا وەزارەتی ڕۆشنبیرییە کە ڕێگە بە هەموو جۆرە کارێک نەدات بڵاو ببێتەوە و فلتەرێک هەبێت، یارمەتی دانی هونەرمەندان بۆ ناساندن و بڵاو کردنەوەی بەرهەمەکان، جیاکردنەوەی هونەری میللی و هونەرەکانی تر لە یەکتری، چونکە ئێستا بەند و گۆرانی و مەقام و گەعدەو لایڤ میوزیک و کۆنسێرت هەمووی تێکەڵ بووە”.
لە كۆتایی قسەكانیشدا ئامانج رواندزی گووتی ” گۆرانی گۆتن حەزێکی تاکە کەسییە، چونکە هەر چەند دەنگت خۆش بێت، ئەگەر حەزت نەبوو بۆ گۆرانی گووتن کەس ناتوانێت بە زۆر بتکا بە گۆرانی بێژ، پێم وایە ڕاگەیەندنەکانیش کاریان کردووە تا حەزی گۆرانی گووتن لەلای تاکە زیاد بکات بە هەبوونی چەندان بەرنامەی هونەری.