ئیسماعیل عەبدولعەزیز مستەفا
لە وتاری كردنەوەی پیشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب لە شاری هەولێر، جارێكی دیكە، سەرۆك بارزانی، جەختی لە سەركەوتنی كورد كردەوە و ڕایگەیاند: تاكە مەرجی سەركەوتنی كورد، یەكگرتنی كورد و كوردستانییانە” هەڵبەت ئەم خواست و هیوایەی سەرۆك كە خۆی دەبینێتەوە لەوەی تاكە مەرجی سەركەوتن، یەكڕیزیی كورد و كوردستانییەكانە، ئەوەش لەژێر ڕۆشنایی ئالنگاری و قەیرانە نێودەوڵەتییە هەنووكەییەكان سەرچاوە دەگرێت.
بێگومان، ئەم وتەیەی جەنابی سەرۆك بارزانی، تەنها بریتی نییە لە پەیامێكی ڕاگوزەر و بەس، بەڵكو سەرەڕای درككردن بە ئایندەی ڕووداوەكان، لە هەمانكاتیشدا، هۆشدارییەكی سیاسی و پەیامێكی ستراتیجیش دەنوێنێت بۆ ئێمەی كورد و كوردستانییەكان بەگشتی. خۆ ئەگەر شیكاری زیاتر بۆ ئەم وتارەی سەرۆك بكەین، بۆمان دەردەكەوێت، كە جەخت لە هەماهەنگی سیاسی و هاودەنگی و یەكگرتوویی تەواوی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان دەكات، بۆ ئەوەی پێگەی هەرێمی كوردستان یەك بخرێت، جا لەچوارچێوەی هەرێمی كوردستان یاخود لەچوارچێوەی هەر چوار پارچەی كوردستان بێت.
لەم وتارەیدا، سەرۆك و حەكیمەكەی كورد، ناڕاستەوخۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە تێپەڕاندن و وەلانانی كێشە نێوخۆییەكانی هێز و لایەنە كوردستانی و كوردییەكان و چاو بڕینە ئامانجی گەورەتر بۆ كورد و كوردستان، دەبێت كاری لە پێشینەی هەموو دڵسۆزان و خەمخۆرانی نەتەوەكەمان بێت.
هەروەها سەركەوتنی كورد مەیسەر نابێت ئەگەر لایەنەكان نەگەنە ڕێككەوتن و لێكگەیشتنی سیاسی. ئەم وتارەی سەرۆك بارزانی هاوكاتە لەگەڵ پەرەسەندنی زێدەبوونی ڕێگریە سیاسییەكانی بەغدا بۆ پەراوێزخستنی كورد لە عێراق، سەرباری دروستكردنی ئاستەنگی ئابووری و كارگێڕیی لە دژی هەرێمی كوردستان، كە هەموو ئەوانە ڕەنگدانەوەیان هەبووە بەسەر كۆی گشتیی ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
بەشێكی دیكەی وتارەكەی سەرۆك بارزانی، ئاماژەیەكی ڕوون بوو بۆ گۆرانكارییە خێراكانی ناوچەكە و كۆكبوونی كورد لەسەر یەكهەڵوێستی و قۆستنەوەی هەلی گۆڕانكاریەكان لەبەرژەوەندی دۆزی نەتەوەیی و گەلی كوردستان و تەواوی كوردستانیانی ناوچەكە.
پێویستە بوترێت، هەڵبژاردنی ئەم كاتە و ئەم شوێنە كە پیشانگەی نێودەوڵەتیی كتێبە لە شاری هەولێر، بێگومان دوور نییە لە مەبەست و مەرامی شاراوە، چونكە ئەم بۆنەیە یەكێكە لە دیارترین بۆنە ڕۆشنبیرییەكانی ساڵانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە تێیدا دەیان و سەدان دەزگای چاپ و پەخشی كوردی و عەرەبی و بیانی بەشداریی دەكەن، واتە چەندان زمان و كولتوری جیاواز لە خۆدەگرێت، كە بێگومان وتارەی جەنابی سەرۆك بارزانی بێدەنگدانەوە تێ ناپەڕێت.
هەربۆیە لەناوەرۆكی وتارەكەیدا جەنابی سەرۆك بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە “ئەم پێشانگەیە تەنها مەكۆی نووسەران نییە و بەس، بەڵكو دەرفەتێكە بۆ دووپاتكردنەوەی ناسنامەی هاوبەش و یەكێتیی سیاسیمان، هەر پڕۆژەیەك سیاسی بێت یاخود كولتوری، ناتوانێ سەركەوتوو بێت، ئەگەر لەسەر بنەمای یەكڕیزی و ئیرادەی هاوبەش نەبێت؛ هەر لەم سۆنگەشەوە، بارزانی ئەوە وەبیر سەركردەكانی كورد دەهێنێتەوە كە هێزی ئەوان لە یەكگرتوویی ئەواندایە و هەر پرۆژەیەكی سیاسیش یاخود لێكگەیشتنێكی هاوبەش، لەسەر بنەمای بوونی بناغەیەكی تۆكمە و پرۆژەی هاوبەش نەبێت، كورد بەگشتیی باجەكەی دەدات”.