”خولی هاوینە دەروون و جەستەی قوتابی ماندوو دەكات“
زاری كرمانجی-مێرگەسۆر:
خولە هاوینە، تەواوی كاتەكانی بەشی زۆری قوتابییانی داگیركردووە، قوتابییان بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری زیاتر بە بەراورد بە كاتی دەوامی فەرمی ڕوودەكەنە خولەكان، بەشێكی دیكەیان بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی و هونەر و میوزیك، وەكو هەندێك مامۆستا ئاماژەی بۆ دەكەن، ئەم خولانە كاریگەری باش و خراپیان هەیە، دەبێتە هۆی ماندووكردنی دەروون و جەستەی قوتابییان، كە هەر لە ئێستاوە هەندێك مامۆستا و سەنتەر ئامادەكاریان بۆ كردنەوەی خولی هاوینە كردووە.
سەنگەر عیسا، مامۆستای ئامادەیی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی مێرگەسۆر و مامۆستای وانەبێژ لە زانكۆی سۆران، بۆ زاری كرمانجی گوتی: بۆ دڵنیابوون لەوەی قوتابییان سوودی تەواو لە پشووی هاوینەیان وەربگرن، چەند ستراتیژێك هەیە كە دەتوانرێت جێبەجێ بكرێت، چ لەلایەن دایك و باوك، چ لەلایەن مامۆستا و خودی قوتابییەكەوە، لەوانە دیاریكردنی ئامانجێكی دیاریكراو، هاندانی قوتابییان بۆ دانانی ئامانجی تایبەت و بەدەستهێنانیان لە وەرزی هاوین، وەك فێربوونی كارامەیەكی نوێ، خوێندنەوەی ژمارەیەكی دیاریكراو لە كتێب، یان تەواوكردنی پڕۆژەیەكی پەروەردەیی.
ئەو مامۆستایە، دەشڵێ: فێربوون بخرێتە نێو چالاكییە چێژبەخشەكانەوە، مەرج نییە فێربوون تەنها لە قوتابخانە و لە چوارچێوەی پڕۆگرام بێت، بەڵكو هاندانی قوتابییان بۆ ئەو چالاكییانەی كە پەروەردەیی بن، بەڵام چێژبەخش بن و سوودی دەبێت، وەك: سەردانی مۆزەخانەكان، شوێنە مێژووییەكان، یان پاركە سرووشتییەكان، تاقیكردنەوەی تاقیكردنەوە زانستییەكان لە ماڵەوە، سەیركردنی فیلمی دیكۆمێنتاری یان كەناڵە پەروەردەییەكانی یوتیوب و بەشداریكردن لە هونەرە داهێنەرەكانی وەك نیگاركێشان، نووسین، یان مۆسیقا، لەگەڵ كەمپ یان پرۆگرامی هاوینە، هاندانی بەشداریكردن لە كەمپەكانی هاوینەدا وەك كەمپی گرنگیدان بە هونەر و وەرزش، ئەم كەمپانە ژینگەیەكی خۆش دەڕەخسێنن لە هەمان كاتدا دەرفەتی فێربوونی كارامەیی نوێ و هەلی دۆزینەوەی هاوڕێی نوێ پێشكەش دەكەن، فێربوونی خۆئاڕاستەكراو بەهێزكردنی قوتابییان بۆ گەڕان بەدوای ئارەزووەكانیان، جا فێربوونی زمانێكی نوێ بێت، فۆتۆگرافی، یان تەنانەت شتێكی وەك چێشتلێنان، هاوین دەتوانێت كاتێك بێت بۆ فێربوونی زیاتر، كاری خۆبەخشی یان مەشقكردن، لەگەڵ چالاكیی جەستەیی و وەرزش هانی قوتابییان بدەن كە چالاك بمێنەوە بە بەشداریكردن لە خولە وەرزشییەكان، وەرگرتنی خولیا نوێیەكانی وەك مەلەكردن، پاسكیلسواری، یان ڕۆیشتن بە پێیان، یان تەنها كاتێك بۆ وەرزشكردنی ڕۆژانە تەرخان بكەن، ئەمەش نەك تەنها تەندروستی جەستە بەرەوپێش دەبات، بەڵكو تەندروستی دەروونی بەرز دەكاتەوە و یارمەتی كەمكردنەوەی فشاری دەروونی دەدات، یان بنیاتنانی لێهاتوویی و بڕوانامە قوتابییان دەتوانن هاوین بەكاربهێنن بۆ بەدەستهێنانی كارامەیی نوێ كە سوودی بۆ داهاتوویان دەبێت. ئەمە دەتوانێت هەر شتێك بێت لە فێربوونی زمانێكی نوێ، شارەزابوون لە ئێكسڵ، وەرگرتنی خولێكی ئۆنلاین لەسەر كۆدكردن، یان بەدەستهێنانی بڕوانامە لە بوارەكانی وەك فریاگوزاری سەرەتایی یان دیجیتاڵ ماركێتینگ، چالاكی خێزانی یان گرووپی، سەردانی خێزان، پڕۆژە، یان تەنانەت چێشتلێنان پێكەوە دەتوانێت كاتێكی پەیوەندیكردن پێشكەش بكات لە هەمان كاتدا پەروەردەیی بێت، فێربوون پێكەوە لەڕێگەی چالاكییە دەستییەكانەوە دەتوانێت پەیوەندییەكان قووڵتر بكاتەوە و ڕێگە بدات بە ئەزموونی هاوبەش، گرنگیدانی زۆر بە تەكنەلۆجیا جۆرەها ئەپ و ماڵپەڕ بۆ ئەوەی فێربوون چێژبەخش بێت، جا یاری بیركاری بێت، مەتەڵە پەروەردەییەكان بێت، یان گەشتی مەجازی بۆ شوێنە مێژووییەكان، تەكنەلۆژیا دەتوانێت ڕێگەی نوێ پێشكەش بە قوتابییان بكات بۆ بەشداریكردن و فێربوون، لە كۆتاییدا دەتوانین بڵێین بە تێكەڵكردنی فێربوونی پڕۆگرام لەگەڵ چالاكییەكان كە هەم چێژبەخشن و هەم كاریگەرن، هاوین دەتوانێت ببێتە كاتێكی بیرۆكەیی بۆ قوتابییان بۆ پەرەپێدانی كارامەیی نوێ، فراوانكردنی زانیارییەكانیان و چێژوەرگرتن لە هەستكردن بە دەستكەوت كاتێك ساڵی خوێندن دەست پێدەكاتەوە.
سیروان شێخ حاجی مزووری، مامۆستای پەروەردەیی و چاڵاكوانی مەدەنی، بۆ زاری كرمانجی دەڵێت: پێش ئەوەی باسی خولی هاوینە بكەم یەكەم جار ئاماژە بە پشووی هاوینە دەكەم، پشووی هاوین بۆ ئەوەیە كە قوتابییان تێدا بحەسێنەوە بۆ ئەوەی مێشك و جەستە و دەروونیان بحەسێتەوە، لەبەرئەوەی بۆ ماوەی چەند مانگێك خەریكی خوێندن و قوتابخانە بوونە، بۆ ئەوەی لە ماندوو بوون ڕزگار بن و بۆ ساڵی نوێی خوێندن مێشك و جەستە و دەروونیان ئامادەبێت بۆ خوێندن.
ئەو مامۆستایە سەبارەت بە خولی هاوینە، دەشڵێ: خولی هاوینە حەز و ئارەزوویە نابێت كەسوكاری قوتابییان بە زۆری منداڵەكانیان بنێرن بۆ خولی هاوینە، هیچ سوودێكی زانست و زانیاری پێناگەینێت تەنها ماندی كردن و تێكدانی دەروونی منداڵەكانیانە، لە هەمان كاتدا خەرجكردنی پارەیە بۆیە دەبێت بە حەز و ئارەزووبێت بۆ ئەوەی تێدا سوودمەندبێت و فێری زانست بن، یەكەم جار دەبێت دایك و باوك حساب بۆ گۆڕینی ژینگە بكەن سەبارەت بە خول واتە ئەگەر خولی هاوینە لە هەمان قوتابخانە بكرێتەوە هیچ سوود بە منداڵەكانی ناگەینێت لەبەرئەوەی ئەو قوتابییە بۆ ماوەی چەند مانگێك سیماو ژینگەی پۆل و قوتابخانەكەی بینیوە ئەمەش دەبێتە هۆی بارگرانی و بێزاری لە قوتابخانە، بۆیە واباشە خولی هاوینە لە قوتاخانەیەكی تر بێت یان لە سەنتەرێك بێت باشترە بۆ قوتابی، لەگەڵ ڕێزم هەندیك دایك و باوك منداڵەكانی دەنێرن بۆ خول تەنها بۆ سەرقال كردنە، ئەوەش بۆ ئەوەیە لە ماڵ دوورخەنەوە، نەك بۆ ئەو ئارمانجەیە كە لە كۆتاییدا بە ئامانجەكەی گەیشت بێت، ئەوەی دەبینم ساڵ بە ساڵ خولی هاوینە لە زیادبووندان، زیادبوونی ئەم جۆرە خولانەش دەگەرێتەوە سەر چەند خاڵێك، یەكەم زۆربوونی ژمارەی قوتابی لەناو پۆلەكانی قوتابخانەدا لەبەركەمی ژوور و قوتابخانە، دووەم نەبوونی مامۆستای كارامەیی ناشارەزاو شێوازی گەیاندنی بابەتەكان بە قوتابییان لە ناو پۆلدا، سێیەم كەم تەرخەمی لە مامۆستاكە، چوارەم یاخود نەبوونی پەیوەندی كۆمەڵایەتی لەنێوان قوتابخانە و كەسوكاری قوتابی لە كاتی نەزانین لە لاوازی ئاستی منداڵەكانیان یاخود پەیوەندی نەكردن بە قوتابخانە، هەبوونی خولی هاوینە گرنگە، بەڵام دەبێت لەژێرچاودێری پەروەردە بێت، لە هەمان كاتدا بەشداریكردنی قوتابی بە نرخێكی گونجاو بۆ ئەوەی قوتابییانی كەمدەرامەت و مام ناوەند تێدا سوودمەندبن، لە هەمان كاتدا مامۆستا زیرەك و شارەزابن بۆ ئەوەی قوتابییان فێر ببن، تەنیا بە فیڕۆدانی كات و پارەوەرگرتن نەبێت.
نازدار حوسێن، ئەویش كە مامۆستایە دەربارەی خولی هاوینە بۆ قوتابییان، بۆ زاری كرمانجی ئاشكرای كرد: كردنەوەی خولی هاوینە بۆ قوتابییان لایەنی باش و خراپی هەیە، لایەنە باشەكەی بریتییە لەوەی كە دەكرێت ئەم قوتابییە لە ڕێی ئەم خولانەوە زیاتر پەرە بە لایەنی زانستیان بدەن و بتوانن سوودێكی باشی لێوەربگرن، لە بەرامبەردا لایەنی خراپی هەیە، سەرەكیترینیان ماندووبوونی قوتابییەكەیە، ئەو قوتابییە بەهۆی ئەوەی لە پشووی هاوینەدایە و ماوەی چەند مانگێكە دەخوێنێت، كاتێك دەچێتە ئەو خولانە ماندوو دەبێت، بە جۆرێك كە دووبارە دەرگای قوتابخانە دەكرێتەوە ئەو تووشی ماندووبوون بووە، توانا و تاقەتی خوێندن و گوێگرتنی نییە لە مامۆستاكەی، كە هەندێك كات كاریگەری لەسەر جەستەی منداڵەكە دروستدەكات، بەهۆی ئەو ماندووبوونەی لە كاتی پشووی هاوینیدا تیایی بووە، جگە لەوەش كاریگەری لەسەر دەروونی دروستدەكات، دووریدەخاتەوە لە حەزی خوێندن كە لە ئەنجامدا لە نمرەی وانەكانیدا سەركەوتن بە دەست ناهێنێت.