چوارشەممە، 23-04-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان، لە شاری هەولێر گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا بەخێرهاتنی گەرمی میوانانی ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان کرد و گوتی “لە دەستپێکی شارستانییەتەوە، کوردستان هەوێن و شوێنی شارستانییەت و نەتەوە جیاوازەکان بووە.”
مەسرور بارزانی گوتیشی: “لە مێژووی نوێماندا خەڵکی ئێمە بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی نەژادی و نەتەوەییەکان، ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری بوونەتەوە لە دەستی ڕژێمی پێشووی سەددام حوسێن. ئەو جیاوازی نەکرد، لە نێوان کورد، عەرەب، تورکمان، ئاشووری و ئەرمینییەکان. نە لە نێوان موسڵمان، مەسیحی و ئێزدییەکانیش.”
سەرۆک وەزیران دووپاتیشی کردەوە “حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەند و پێداگرە بۆ پەرەپێدانی ئەو ئەرکە پیرۆزە و نوێکردنەوەی شار و شارۆچکە وێرانکراوەکان و لە هەمان کاتیش پەرەدان بە ئازادی ئایینی و پەرەدان بە پێکەوەیی ئایینی و زەمینەسازیی بۆ ئاشتی لە هەر سوچێکی ئەم نیشتمانە.”
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا “حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کاراییەوە کار بۆ دروستکردنی مزگەوت، کڵێسا و پەرستگای زیاتر دەکات بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتییان بتوانن بە ئازادی پەیڕەوی ئایینییەکانیان بکەن. پەروەردە بە هەمان شێوە ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە داڕشتنی داهاتووی پێکەوەیی.”
بە گوتەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی “لە پەرلەمان، حکوومەت و هەموو دامودەزگا حکوومەتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەموو پێکهاتە و ئایینەکان نوێنەرانی خۆیان هەیە و بەو شێوەیە بەردەوام دەبن.”
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە “فرە کولتووری ئاستەنگ نییە، بەڵکوو هێزە. هێز دەبەخشێت بۆ ئاوەدانکردنی کوردستانێکی گەشەکردوو و پێشکەوتوو.”
کاتژمێر 8:00ـیی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 23-04-2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵا و سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و جیهان و پەرلەمانتارانی وڵاتان و نوێنەرانی حکوومەتەکان لە ئەمەریکا، ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ژێر دروشمی (بەرەو یەکبوون لە باوەڕدا)، ڕۆژی نزای نیشتمانی لە
کوردستان دەستی پێ کرد.




































































