مریم صابر خظر
هەر وەك زانراوە و دەزانین كردنەوەی پێشانگای ساڵانەی كتێب كاریگەری خێرا و پتەو دەكاتە سەر تاكەكانی كۆمەڵگە ئەویش بەهۆی بەركەوتنی ڕاستەوخۆی خوێنەران بە نووسەرە دڵخوازەکانیان و کۆبوونەوە و نزیکبوونەوەی ناوەندەکانی کتێب چ ناوخۆیی بێ چ دەرەکی ئەمەش وادەکات خوێنەران و تەنانەت ئەو چینەشی کە کەمتر دەخوێنێتەوە بكەونە ژێر كاریگەری ئەم كەشە پڕ زانست و زانیاری و ئەدەبییەی كە ڕێكخراوە. پێشانگا نێودەوڵەتییەكانی ساڵانەی كتێب كۆمەڵێك كەسی هەمەچەشن لە جیهانی ئەدەبیدا كۆ دەكەنەوە، ئەمەش دووبارە وادەكات خوێنەر بە ئاسانی بگاتە ئەو كتێب و بەرهەمانەی كە دەیەوێت، ئەمە جگە لەو ئاڵوگۆڕە كولتووریی كە زۆر بە ئاسانی هەستی پێ دەكرێت لە نێوان ناوەندە بیانی و ناوخۆیییەكان، كە بێگومان ئەمەش دەرگایەك دەبێت بۆ نەریتە ئەدەبییە جۆراوجۆرەكان و ڕێزگرتن و بەهادانان بۆ كولتوور و ئەدەبە جیاوازەكان لە ڕێگەی كتێب و بەرهەمەكان. پێشانگا ڕێگەیەكی ناوازەیە بۆ خوێنەران و توێژەران و تەواوی ئەو كەسانەی خولیای خوێندنەوە و تەنانەت بۆ ئەوانەشی كە بە دوای دەرفەتێك دەگەڕێن بۆ ئەم مەبەستە. پێشانگای كتێب دەتوانێت بە كولتوور و بیرۆكە جیاوازەكانت ئاشنا بكات. ئایا ئەمەش ئەزموونێكی سەرنجڕاكێش نییە ؟ كتێب ئەو بەشە گرنگەی ژیانە كە هاندەرێكی مەعریفی كاریگەرە بۆمان، هەر ئەمەش نا بەڵكوو دەروازەیەكە بۆ ئاشناكردنمان بە جیهانی جوانی خەیاڵ و حەقیقەت. كەواتە بۆ ئەوەی خۆمان بنیات بنێین و كۆمەڵگەیەكی تەندروست بەڕێوەببەین، با بەرەو ئەو ئاسۆیە هەنگاو بنێین و خۆمان و منداڵەكانمان هانی خوێندنەوە و بەشداری پێكردن بكەین لە پێشانگە و كەشە ئارامبەخشەكانی جیهانی كتێب. با ئەوەشمان لە بیر نەچێت پێشانگەی كتێب هەستێكی كۆمەڵایەتی زۆر بەهێز دروست دەكات بە كۆكردنەوەی خوێندكاران و خوێنەران و دایك و باوكان و مامۆستایان و منداڵەكان لە هەموو ئاست و قۆناغەكان. ئەمەش وادەكات ئاستی ڕۆشنبیری تاكەكانی كۆمەڵگە بێ جیاوازی ڕوو لە هەڵكشان بكات و تاكەكانمان چاو كراوە تر و ئەكادیمییانە تر بێنە ناو كۆمەڵگاكەمانەوە. لە كۆتاییدا دەبێ ئەوە بزانین كتێب ڕۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە داڕشتن و بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی بیرمەند و تاكی وشیار.هەروەها بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە بەرەو پێش دەبات و كۆتایی بە عەقڵێكی خەوتوو دێنێت. ئەمە جگە لە بەرزكردنەوەی تواناكانی زمان و پەیوەندیكردن.خەیاڵ و داهێنان پەروەردە دەكات. هەروەها كتێبەكان كولتوور و مێژوو زانست دەپارێزن، ڕێگە بە تاكی ناو كۆمەڵگە دەدات لە ڕابردوو فێر بێت و داهاتوویەكی باشتر بژیت. خوێندنەوە هەم خۆراكە و هەم ئامرازێكی بەهێز بۆ گەشەكردنی عەقڵ و هزری كەسی و پێشكەوتنی بە كۆمەڵ.