زاری كرمانجی :
دوای ڕاگیرانی پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان بەهۆی ساردی كەش و هەوا و وەرزی زستان، بەشێوەی فەرمی بڕیاردرابوو لە سەرەتایی مانگی چوار پڕۆژەكان دەستیان پێبكرێتەوە .
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە تایبەت قیڕتاوكردنی گەڕەك و كۆڵانەكان و ئاو و ئاوەڕۆ لە ساڵی رابردوو كەوتنە واری جێبەجێكردن، بەشێكیان نیوەی كارەكانیان تەواو كراوە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە كەی دەست بە كاركردن دەكەنەوە و بەپێی زانیاریەكان پڕۆژەكان ڕاگیراون .
عەبدولقادر ئەكرەم سەرۆكی شارەوانی سیدەكان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” ساڵی رابردوو، لە سنووری شارەوانیمان بە گوژمەی دوو ملیار دینار پڕۆژەی ئاوەڕۆی ماڵان و قیڕتاوكردنی گەڕەكی ئازادی و فەرمانبەران چووە واری جێبەجێ كردن .
سەرۆكی شارەوانی سیدەكان، دەڵێت:” پڕۆژەكان 60%ـیان تەواو كراوە، هێشتا كارەكانی ئەو پڕۆژانە لەلایەن بەڵێندەرانەوە دەستیان پێنەكراوەتەوە، هۆكارەكەش بۆ وەرنەگرتنی پارە دەگەڕێتەوە .
گووتیشی:” دەستپێنەكردنەوەی پڕۆژەكان لەلایەن بەڵێندەرانەوە لە تەواوی قەزا و ناحیەكانی ئیدارەی سۆرانە نەك تەنها قەزای سیدەكان، بۆیە سەرپەرشتیاری ئیدارە لە هەوڵی ڕژدایە بۆ چارەسەر كردنی ئەو گرفتە “.