زارى كرمانجى :
ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی نیسانی 2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵا و سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و جیهان، نوێنەرانی حکومەتەکان لە ئەمریکا و ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شاری هەولێر لەژێر درووشمی “بەرەو یەکبوون لە باوەڕدا” ڕۆژی نزای نیشتمانی دەستی پێ کرد و تێیدا سەرۆک بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئەمە دەقی گوتارەکەی سەرۆک بارزانی لە میانی ڕێوڕەسمەکە:
بەناوی خوای گەورە و مێهرەبان
پێشکەی بەخێرهاتنێکتی گەرمی هەمووتان دەکەم میوانە بەڕێزەکان، بەخێربێن بۆ کوردستان، لانکەی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی.
پێش ئەوەی دەست بکەم بە گوتارەکەم، دەمەوێت ڕایبگەیەنم جارێکی تر هاوبەشی هەموو مرۆڤدۆستانین لە جیهان بۆ لە دەستدانی پیاوێکی گەورەی ئاشتیخواز و مرۆڤدۆست، ئەویش قەداسەتی پاپا.
ئەمە یەکەمین جارە کۆبوونەوەیەکی وا لە کوردستان ڕێک دەخرێت و مەبەست ئەوەیە کە جیهان ئاشنا ببێت بەو کەلتوورە دەوڵەمەندەی لە کوردستان هەیە و لە دێرزەمانەوە ئەو کەلتوورە لە کوردستان هەبووە. ئەویش کەلتووری پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن و ئازادیی بیروڕا و دین و مەزهەب، ئەو کەلتوورەیە کە ئێمە شانازی پێوە دەکەین و داکۆکیش دەکەین کە بەردەوام دەبین لەسەر ئەم ڕێگەیە.
ئومێدەوارم کە ئەم کۆبوونەوەیە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ئەو برایەتییە و ئەو پێکەوەژیانە لە کوردستان، قووڵتر و فراوانتر ببێت.
خوداپەرستی خاڵێکی هاوبەشە بۆ کۆکردنەوەی ئایینەکانی جیاواز. حەق جیا ناکرێتەوە، گەیشتن بە حەق ڕێگای زۆرە و ئایینە پیرۆزەکان هەمووان کە حەقیقەتی وحدانییەتی خوایان قبووڵە، هەمووان بەدوای ئەو ڕاستییەدا دەگەڕێن و پێویستە ڕێز لە هەمووان بگیرێت. جەوهەری دینیش ئەخلاقە. ڕۆمی دەفەرمووێت، حەق وەک لووتکەی چیایە، چەندین ڕێگا هەیە بۆ گەیشتن بە لووتکە، بەڵام ئامانج یەکە ئەویش گەیشتنە بە حەق.