“سەدان گەنج و لاوی دەڤەرەكە بێ كار و كاسبین”
موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی :
سەرەڕای بە ئیدارەكردنی سۆران و زۆری ڕێژەی دانیشتووان، لێ تا ئێستا كۆمپانیا و كارگە گەورەكان كاری تایبەت لە دەڤەرەكە ئەنجام نادەن و نەتوانراوە هەلی كار بۆ گەنجان و دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان بڕەخسێندرێت، ئەمەش نیگەرانی لێ كەوتۆتەوە.
لە ماوەی رابردوو لە سۆران، وەك پێویست گرنگی بە كەرتی تایبەت نەدراوە، بە شێوەیەك هیچ كارگەیەكی گەورە لە سەنتەری سۆران كاری وەبەرهێنان ئەنجام نادات تا كوڕ و كچانی دەڤەرەكە لێی سودمەندببن و هەلی كاریان بۆ ببڕەخسێت، بەرپرسێكی سۆرانیش، دەڵێت:” هەموو هەوڵێك دەدەین تا زۆرترین هەلی كار لە كەرتی تایبەت بڕەخسێنین .
بەیان یوسف كچە گەنجێكی شاری سۆرانە، بۆ زاری كرمانجی گووتی:” بەهۆی نەبوونی هەلی كار و كارگەی گەورە لە ئیدارەی سەر بەخۆی سۆران گەنجانمان بە مەبەستی دەستكەوتنی بژێوی ژیان بیر لەوە دەكەنەوە شار جێبهێڵن و بە ناچاری ڕوو لە شارێكی دیكە بكەن، لە كاتێكدا سۆران وەك هەر ناوچەیەكی دیكەی كوردستانیش خاوەنی گەنجی بەهێز و بەهرەمەندە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پاڵپشت و هەلی كار، دەستەوەستان وەستاون و بێكار ماونەتەوە.
بە گووتەی ئەو كەچە گەنجە، سەرەڕای ئەو هەموو ئاستەنگانە/ بەردەوامین لە هەوڵدان بۆ بە دەر خستنی بەهرەو توناكانمان ، دەشڵێت:” ڕۆژانە ئێمە نمونەی ئافرەت و كچی بە توانا دەبینین كە لە ماڵی خۆیان دەست بە كار بوونە وەك نان كردن، بەرگدووری و ڕازاندنەوەی جلوبەرگ و كاری كریستاڵ دروست كردنی شیرینی، كە بەڕاستی پێویستە پشتگیریان بكرێت.
گووتیشی:” ئەگەر بێتو توانای گەنجان و ئافرەتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیاتر پەرەی پێ بدرێت، بە دڵنیایەوە گەنجانمان دەبنە خاوەنی بڕاندی تایبەتی خۆیان و دەتوانین بڵێین شارەكەمان زۆرترین هەلی كار دەڕەخسێت.
ڕێباز سابیر گەنجێكی دەرچووی زانكۆیە لە سۆران، بە زاری كرمانجی گووت:” ماوەی چوار ساڵە زانكۆم تەواو كردووە و بێكارم، دامەزراندنی حكوومی راگیراوە و كەرتی تایبەتیش لە سۆران وەك پێویست نییە، چەندین گەنجی وەك من بێ ئیش و كارن و ڕۆژانە كاتی خۆیان بەتۆڕەكۆمەڵایەتیەكان و یاری و ئەوشتانە بەسەر دەبەن، ئەمەش گرفتێكی گەورەی بۆ دروست كردووین.
بە گووتەی ئەو گەنجە، ئەگەر كۆمپانیایەك یا كارگەیەك هەرشتێك بكرێتەوە كە هەلی كار بڕەخسێنێت، ئەوا سەدان گەنج هەلی كاریان بۆدەرەخسێ و ژیانیان بەشێوەیەك بەسەرنابەن كە لە ئایندەدا ببێتە هوكاری پەشیمانبونەوەیان.
دیار هەمزە شارەزای ئابووری لەو بارەیەوە بە زاری كرمانجی گووت:” سۆران لە رووی خزمەت گوزاری و ژێر خانی ئابووری لاوازە، بۆیە تا ئێستا كۆمپانیا گەورەكان كاری وەبەرهێنانیان لێ ئەنجام نەداوە، هەروەها ژمارەی دانیشتوانان و ئاسانكاری ئیداری و شیاوی رێگە و بان و سەروەر بوونی یاسا بۆ وەبەرهێنان گرنگە تا پڕۆژەی ستراتیژی لە هەموو بوارەكان وەگەڕبخرێت .
ئەو شارەزا ئابووریە، ئاماژەبەوەدەدات، وەبەرهێنان بەشێوەیەكی گشتی واتە بەگەڕخستنی پارە بەمەبەستی قازانج كردن لە ماوەیەكی دیاری كراودا، وەبەرهێن كاتێك لە شارێك كاری وەبەرهێن دەكات و لە شارێك نایكات ئەوا پەیوەندی بە بارودۆخی ئەو شارەوە هەیە، دەشڵێت:” لە هەموو دنیا زیاتر گرنگی بە پایتەخت دەدرێت و پڕۆژە و كاری گەورەی وەبەرهێنانی لێ ئەنجام دەدرێت ئەمە كارێكی ئاساییە، بەڵام پێویستە لە ناوچەیەكی وەكو سۆرانیش پڕۆژەی جۆرا و جۆر بوونی هەبێ تا خەڵك بە تایبەت گەنجان سود مەندبن و بۆ كار و پەیدا كردنی پارە ڕوو لە شوێنەكانی دیكە نەكەن.
گووتیشی:” لە سەرووی هەموویانەوە دەسەڵاتی ئیداری گرنگە تا پڕۆژەی گەورە لە سۆران ئەنجام بدرێت، ئومێد دەكەین سۆرانیش لەمەودووا پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی هەبێت، تا لە هەموو بوارەكان پێشكەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت .
دووای ئەوەی سۆران بوو بە ئیدارەی سەربەخۆ، هەوڵێكی رژد لە لایەن كابینەی نۆ هەیە بۆ وەگەڕخستنی كۆمپانیا جۆرا و جۆرەكان و ڕەخساندنی هەلی كار لە كەرتی تایبەت و هەموو ئاسانكارییەكیشیان بۆ دەكرێت تا لێرە كاری وەبەرهێنان بكەن .
لای خۆیەوە، هەژار حەكیم بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” دووای ئەوەی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رەزامەندی دەربڕی لەسەر بە ئیدارەكردنی سۆران، بەرنامە و پلان دانرا بۆ گرنگی زیاتر بە كەرتە جیاوازەكان لەو دەڤەرە بدرێت، لەو دوایانە بڕیاردرا بە كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان دراوە و ئامانجیش لێی ڕەخسانی هەلی كار و راكێشانی كۆمپانیا و كەرتی تایبەتە بۆ ئەو دەڤەرە تا ڕێژەی بێ كاری لە ئیدارەی سۆران بۆ كەمترین ئاست داببەزێنین .
زیاتر گووتی:” هەموو هەوڵێك دەدەین كە گەنجان و هەموو چین و توێژەكان هەلی كاریان بۆ بڕەخسێندرێت، تا بارگرانیش لەسەر كەرتی گشتی و حكوومی سوكتر ببێت، ئەو دەڤەرەش بەهۆی هەبوونی دەروازە و هەڵكەوتەی ناوچەكە سەرمایەدار و كۆمپانیاكان لەمەودووا هەماهەنگی دروست دەكەن و بۆ كاری وەبەرهێنان و كاری دیكەی بازرگانی روو لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكەن و تمووحی هەموو لایەك ئەوەیە كەرتی وەبەرهێنان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەرفراوانتر بكرێت”.
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، جیا لە كارگەی شیرەمەنی زۆم، هیچ كارگەیەكی دیكە بەشێوەیەكی فراوان هەلی كاری بۆ گەنجان و هاووڵاتییانی دەڤەرەكە نەڕەخساندووە، كارگە گەورەكان بەتایبەت لە بواری كشتووكاڵی، پیشەسازی جۆرا و جۆر، كاری وەربەهێنان لە سۆران ئەنجام نادەن.

































































