ئامادەكردن / ئومێد لاوكە
چەمكی ڕێگای گفتوگۆ:
شێوەیەكە لە شێوەكانی كارلێككردن و گفتوگۆكردن لە نێوان مامۆستا و قوتابییان، یان لە نێوان قوتابییەكان خۆیاندا، دەربارەی بابەتی وانەكە، مامۆستا ڕێگایان پێ دەدات بە ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕاكانیان لەگەڵ یەك و زانیاری و شارەزایی وەربگرن، بۆ ئەوەی لە كۆتایەكەیدا فێربوون لای قوتابییەكان ڕوو بدات. بەم شێوەیە كارێكی هاوبەشە لە نێوان دوو مێشك یان زیاتر، هەر لایەنێك بۆچوونی خۆی بە ئازادانە دەردەبڕێت، لە كۆتایەكەیدا بگەنە ڕێكەوتن لە سەر كێشەیەكی دەستنیشانكراو، پێویستە لەسەر مامۆستا گفتوگۆیەكە بەرەو ئامانج ببات.
گرنگی ڕێگای گفتوگۆ:
ئەم ڕێگایە هاوكارە بۆ ڕێكخستنی هزر و بیر و ورووژاندنی حەزی قوتابییان بۆ بابەتەكە، هەروەها هاوكاری قوتابییان دەكات بۆ ڕاهێنان كردن لەسەر كارامەیی گوێگرتن و ڕێزگرتنی بیر و بۆچوونی بە كۆمەڵ و زانستی دروست باوەڕبەخۆبوون پەیدا دەكات، هەروەها ڕۆڵی قوتابی ئەرێنیە و هەست بە بێزاری ناكات لە كاتی وانەوتنەوەدا .
هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی وانە بە ڕێگای گفتوگۆ:
١_ پێش گفتوگۆ كردن:- هەڵبژاردنی بابەتی گفتوگۆ دەستنیشانكردنی ئامانجەكەی بەشێوەیەكی ورد، ڕێكخستنی دانیشتنی گفتوگۆكردن دانانی كورتەیەكی گشتی لەسەر بابەت سەرەڕای دەستنیشانكردنی كاتی پێویست.
٢-لەكاتی گفتوگۆ كردن:- بەشداریكردنی هەموو قوتابییان لە دانوستاندنەكاندا ئەگەر قوتابییەك بەشداری نەكردبێت پێویستە مامۆستا هانی بدات، كە بۆچوونی خۆی دیار بكات، هەروەها قوتابی ڕێز لە بۆچوونی هاوڕێی خۆی بگرێت لەو هەلانەی كە دەیكات لەكاتی دەربڕیندا.
٣ – دوای گفتوگۆ كردن:- پێویستە مامۆستا چەند تێبینییەك لەسەر بابەتی دانوستاندن تۆمار بكات و پاشان پشت ڕاست بێت لەسەر تێگەیشتنی قوتابییان و بەدەست هێنانی ئامانجی وانەكە بەڕێگای هەڵسەنگاندنی ئەو گفتوگۆیەی كە ئەنجام دراوە .
مەرجەكانی جێبەجێكردنی ڕێگای گفتوگۆ:
١_ پێویستە ئامانجەكە ڕوون و ئاشكرا بێت بۆ مامۆستا و قوتابییان.
٢بابەتەكە گونجاو بێت بۆ گفتوگۆكردن و گرێ دراوی پەرتووكی خوێندن بێت و بهـ پێی ئاستی تێگەیشتن و پێداویستی قوتابییان بێت. ٣ پێویستە مامۆستا توانای بەڕێوەبردنی دانوستاندنی هەبێت بە شێوەیەك ڕێگا نەدات قسەكردنی قوتابی لەلای خۆیەوە ببێتە هۆی كات كوشتن و مامۆستا بەرپرسە- لە هاندانی قوتابییان بۆ گفتوگۆ كردن و گاڵتە بە هزر و دەربڕینی قوتابییان نەكات و پرسیار ئاراستەی قوتابییان بكات و هەڵەكانیش ڕاست بكاتەوە.
سەركەوتن و لایەنە باشەكانی وانەگوتنەوە بەڕێگای گفتوگۆ.
١_ ئەم ڕێگایە وا لە قوتابی دەكات كهـ باوەڕی بە خۆی هەبێت.
٢_ یارمەتی قوتابی دەدات بۆ ڕێكخستن و بیركردنەوە.
٣یارمەتی قوتابی دەدات بۆ گرێدانی بابەتەكان بە یەكتری. ٤_ توانای قوتابی زیاتر دەكات لەسەر ئاگاداربوونی تێبینییەكان و پرسیاری مامۆستا.
٥_ پاڵنەری زانین دروست دەكات لەلای قوتابی لەوەی كە دەیانگەیەنێت بە گەشەی هزری و مەعریفی.
٦مامۆستا شێوازی دیموكراسی بەكار بهێنێت وە ڕێز لە بیر و بۆچوونە جیاوازەكانی قوتابییان بگرێت. ٧گیانی یارمەتیدان و بەرپرسیارەتی لای قوتابی دروست دەكات وە قوتابی فێری بیركردنەوە و شێوازی گەڕان و دۆزینەوە دەكات.
كەم و كورتییەكانی ڕێگای گفتوگۆ:
لەگەڵ هەموو ئەو تایبەتمەندیە باشانەی،كە ئەم ڕێگایە هەیەتی، بەڵام هەندێك كەم و كورتیشی تێدایە لە وانە :
١_ وانەكە بەشێوەیەكی هێمن و لەسەرخۆ دەڕوات و پڕۆگرامی خوێندن لەكاتی دیاریكراودا بەكۆتا نایێت
٢لەوانەیە وانەكە لەچوارچێوەی سەرەكی بابەتەكە- دەربچێت و گفتوگۆ لەسەر بابەتی لاوەكی بێتەكردن. ٣گفتوگۆی ئازاد لە نێوان قوتابیەكان ڕەنگە ببێتە تێكدانی ئارامی ناو پۆل.
٤_ لەو پۆلانەی قوتابییان زۆرە جێبەجێكردنی ئەم ڕێگایە ئاسان نییە.