ئا/ دڵدار عەزیز
یەکێتی ئەوروپا بەنیازە وردە وردە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بەنزین کەم بکاتەوە و لەبڕی ئەوە پەرە بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بدات. بەپێی یاسای نوێی پەرلەمانی ئەوروپا، تا ساڵی 2035، فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی بەنزین لەم کیشوەرەدا ڕادەگیرێت و قەدەغە دەکرێت.
ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا لەم دواییانەدا یاسایەکی دەرکرد بۆ ڕاگرتنی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی بەنزین لەم ویلایەتەدا لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا، ئێستاش دوای ١٥ مانگ مشتومڕ، یەکێتی ئەوروپا یاسایەکی نوێی دەرکرد کە فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی بەنزین ڕادەگرێت لە كیشوەری ئەوروپا تا ساڵی ٢٠٣٥ .
ئەم یاسایە هەموو کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل دەگرێتەوە و پێویستە خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ یاسای نوێی ئەوروپادا بگونجێنن، بێگومان گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە ئاسان نەبوو و دوای چەند مانگێک لە مشتومڕ وڵاتانی ئەوروپا گەیشتوونەتە ئەم رێکەوتنە.
بەڵام پێناچێت ئەم یاسایە کاریگەری ئەوتۆی هەبێت لەسەر کەمکردنەوەی دەردانی گازە زیانبەخشەکان بۆ بەرگەهەوا، چونکە وڵاتانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بەردەوام دەبن لە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بەنزین .