دیمانە- زاری كرمانجی:
چەند ساڵێكە لە سنووری ئیدارەی سۆران ژمارەیەكی بەرچاو لە ئافرەتان ڕوو لە هۆڵەكانی وەرزش دەكەن و هۆڵە وەرزشییەكان بەشی تایبەت بە ئافرەتانیان كردووەتەوە و وەرزشكارانی ئافرەت وەك یاریزان و ڕاهێنەر وەرزش و مەشقەكانیان ئەنجام دەدەن، كە ئەمەش لەگەڵ گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتی و كولتوورییەكانی كۆمەڵگەی كوردی بە تایبەت ئیدارەی سۆران هاوتەریبە و ئاماژەیە بۆ پێشكەوتنی بیركردنەوەی كۆمەڵگە و هاونیشتمانیان. بێگومان ئەم پێشكەوتنانە دەرگایەكی نوێی بەڕووی ئافرەتانی سۆران كردووەتەوە بۆ ئەوەی گرنگی زیاتر بە تەندروستی خۆیان بدەن و بەشێك بن لە كۆمەڵگەیەكی تەندروست و پێشكەوتوو.
فەریبا شاكر: ڕاهێنەری وەرزشی بۆ زاری كرمانجی دەڵێت: لە ئێستادا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی ئافرەتان لە هۆڵە وەرزشییەكان بە شێوەیەكی بەرچاو ڕوو لە زیادبوونە، چونكە بە بەراورد لەگەڵ چەند ساڵێك پێش ئێستا سەیر بكەین ژمارەیەكی كەم لە ئافرەتان ڕوویان لە هۆڵەكانی وەرزش دەكرد، بەڵام لەم سەردەمە ئافرەتان زۆر گرنگی بە لەش ڕێكییان دەدەن.
ئەو ڕاهێنەرە گوتی: زۆربەی ئافرەتان لە سۆران زیاتر لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆ ڕوو لە هۆڵەكانی وەرزش دەكەن، هۆكاری سەرەكی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە زۆربەیان لە بەیانیان سەرقاڵی چێشت لێنان و ئیش و كاری ماڵەوەن، و بەشێكیان قوتابی و فەرمانبەرن دوای تەواوبوونی ئەركەكانیان، كاتی دوای نیوەڕۆ و ئێوارە دەكەنە دەرفەتێك بۆ گرنگیدان بە تەندروستی خۆیان و بەشداریكردن لە چالاكییە وەرزشییەكان و ئەنجامدانی وەرزش.
ڕاهێنەرەكە گوتیشی: سەرەڕای ئەركە كۆمەڵایەتییەكان، ئافرەتانی سۆران لە ئێستادا زۆر گرنگی بە لەش و لاریان دەدەن، هۆشیاری تەندروستی و گرنگی دان بە لەش و جەستە زیادی كردووە و ئافرەتان بەدوای لەشێكی تەندروست و ڕێكوپێكدا دەگەڕێن، وەرزشیان كردووە بە ئامرازێك بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی، هەروەها لە سەردەمی ئێستادا، وەرزش بۆ هەردوو ڕەگەز (ئافرەتان و پیاوان) پێویستییەكی ژیانە، و ژیانی خێرا و كەم لە جووڵە، خواردنی ناتەندروست و كەمی چالاكی جەستەیی، هۆكاری زۆرێك لە نەخۆشییەكانی سەردەمن، بۆیە وەرزش كردن نەك تەنها بۆ پاراستنی تەندروستی جەستەیی، بەڵكو بۆ تەندروستی دەروونیشی زۆر گرنگە، وەرزش كردن كاریگەری ئەرێنی لەسەر باری دەروونی و كەمكردنەوەی سترێس هەیە.