مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەپێی هەواڵی میدیاكانی توركیا، سێڤیل ئاكداغ خانمە ئەكتەری ناسراوی تورك، كە بەشداری چەندین زنجیرە تەلەڤزیۆنی و فیلمدا كردووە، لە ماڵەكەی خۆی دا لە گەڕەكی فاتح لە ئیستەنبوڵ، بە چەقۆ هاوڕێكەی كوشتووە .
سێڤیل ی تەمەن 32 ساڵان و ئەلیف كیراڤ تەمەن 29 ساڵی هاوڕێ منداڵیی، دوای ئەوەی بە مەستی لە شەوە ئاهەنگێك گەڕاونەتەوە، دەمەقاڵێ لە نێوان هەردوولا دروست دەبێت و دواتر سێڤیل بە چەقۆ هێرشی كردووەتە سەر ئەلیف كوشتوویەتی.
بە پێی ڕاگەیاندراوێكی پەیمانگای پزیشكی دادوەری “جێ برینی 30 چەقۆ لەسەر جەستەی قوربانییەكە هەبووە.”
بەگوێرەی هەواڵەكانی ئاژانسی ئەنادۆڵو، دوای ڕووداوەكە سێڤیل ئاكداغ ڕایكردووە و دواتر لە ناوچەی ئەسێنیورت ی ئیستەنبوڵ لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیركراوە .
ئاكداغ لەكاتی لێكۆڵینەوەی پۆلیسدا گوتوویەتی “لەگەڵ ئەلیف هاوڕێ بووین، ئەو شەوە لە دەرەوە مەیمان خواردەوە، دواتر گەڕاینەوە شوقەكەم و بەردەوام بووین لە خواردنەوە، بەیانییەكەی بوو بە شەڕمان و ئەلیف لێمی دا و كەوتینە سەر زەوییەكە؛ كاتێك بینیم ئەلیف بێ جووڵە كەوتووە، ترسام و ڕام كرد. هیچم لە بیر نییە، چونكە زۆرم خواردبووەوە.”


































































