سەرچاوەیەکی ئاگاداری عومانی کە ئاگاداری هەواڵی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆنە بە تۆڕی میدیایی”ئیماراتی فارسی”ی ڕاگەیاند:”پێشتر ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا یەکلایی بووبووەوە و تاکە شتێک کە مابوو ڕاگەیاندنی فەرمی بوو”.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، پێش دەستپێکردنی دانوستانە فەرمییەکان لە مەسقەت، لایەنەکان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی سەرەتایی و گفتوگۆکانی ئێستا تەنها بۆ فەرمیکردن و ڕێکخستنی چوارچێوەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەن.
جەختیشی لەوە کردەوە کە “بەپێچەوانەی هەندێک بڵاوكراوە، کەشوهەوای دانوستانەکان ئەرێنی و ورد و بنیاتنەر بووە و هەردوولا ڕازین. پێشبینی دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا ڕێککەوتنی کۆتایی ڕابگەیەنرێت”.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، یەکێک لە نیشانەکانی متمانە بە بەرەوپێشچوونی دانوستانەکان، سەفەری بێ وێنەی وەزیری بەرگری سعودیە بۆ تاران لەگەڵ 70 كەس بوو، کە هەڵگری پەیامێکی ڕوونە سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ئەرێنی ڕیاز بۆ ئاسۆکانی ئەم ڕێککەوتنە.
ئەم سەرچاوە عومانییە هەروەها دەشڵێت: ئاستی هەماهەنگی هێندە بەرزە کە نەک هەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بەڵکو پێکهێنانی ئاگربەستی ناوچەیی و ئەگەری دەستپێکردنی ڕێگای وتووێژی فراوانتر لە نێوان ئێران و ڕۆژئاوا لە کارنامەدایە.