مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
تیمی كوردستانی ڕێكخراوی (CPT) ڕایدەگەیەنێت كە فڕۆكەكانی سوپای توركیا، بڵاوكراوەیەكیان بە شێوەزاری كرمانجی لە ئاسمانەوە بە سەر چیای ئاسۆسدا فڕێداوەتە خوارەوە و داوای خۆبەدەستەوەدانی چەكدارانی پەكەكە كردووە.
كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی ڕێكخراوی (CPT) ڕایگەیاند “دوێنێ سوپای توركیا لە ڕێگەی فڕۆكەوە بە درێژایی چیای ئاسۆس و لە دەوروبەری گوندەكانی گەڵاڵە، باساوێ، سەفرە و زەرون لە قەزای ماوەتی پارێزگای سلێمانی چەندین بڵاوكراوەی بە شێوەزاری كرمانجی لە ئاسمانەوە فڕێداوەتە خوارەوە و داوای خۆبەدەستەوەدانی چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان دەكەن.”
لە نووسراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەوازی هەڵوەشاندنەوەی ڕێكخراوەكەی و چەكدانانی كردووە و داوایان كردووە بە دەم بانگەوازەكەیەوە بێن .
توركیا لە نووسراوەكەدا پشتی بە قسەی چەند چەكدارێكی پەكەكە بەستووە كە خۆیان ڕادەستی سوپای توركیا كردووە، وای نووسیوە سەیری بكەن هەڤاڵەكانت كە خۆیان تەسلیم كردووە چی دەڵێن : جیهاد ناوێك كە بە قسەی سوپای توركیا پێشتر چەكدار بووە و خۆی ڕادەست كردووە دەڵێ “من جیهادم، سەربازە توركەكان لەگەڵم باشن و زۆر ئاسوودەم، ئەوان خواردنی گەرمیان پێم دا. زۆریش باشیش ئاگادارمان بوون.”
یەكێكی دیكە بە ناوی دەلال دەڵێ “دەستم لە تۆ بەردا، تەسلیم بووم، دەوڵەت منی پاراست. هەموو تەلەڤزیۆنەكان دەڵێن كە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە پەكەكە دەڵێت، پێویستە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. من لێرە تێگەیشتم. لە ئەشكەوت وەرنە دەرەوە. ئێمە چاوەڕوانتانین .”
هەر لە نووسراوەكەدا چەكدارێكی دیكەی پەكەكە بە ناوی دەڤەر دەڵێ “من بارودۆخم زۆر باشە، ئێوەش تەسلیم بن و بەرەو ژیانی ئازاد وەرن.”
شەڤگەر یش دەڵێ “لە پیردۆگان بووم. تەسلیم بووم. هەموو خواستێكی منیان بەجێ گەیاند، وەرن ئەم دەرفەتە لەدەست مەدەن! خۆت بە لێبوردەیی دەوڵەت بسپێرە و لە ئەشكەوت وەرە دەرەوە، مافی تۆیە وەك مرۆڤ بژی.”
لە كۆتایی نامەكەدا توركیا داوا لە چەكدارانی پەكەكە دەكات قوماشێكی سپی بەرز بكەنەوە و سوپاش ڕێبەرایەتیتان دەكەن.
