“ترس و شەرم دوو چەكی كوشندەن لە بەرامبەر خەون و ئامانجی گەنجان”
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ترس و شەرم، دوو حاڵەتی دەروونین و كۆمەڵێك ئەنجامی خراپ و نەرێنی بۆ ئەو كەسە هەیە كە تووشی بووە، بەشێك لە گەنجان بە دەست ئەم دوو حاڵەتەوە دەناڵێنن و نەیانتوانیوە كەسایەتییەكی بەهێز و كاراما و خاوەن متمانە، بۆ خۆیان بنیات بنێن.
گەنجێك دەڵێ “چەندین جار بە هۆی ترس و شەرمەوە دەرفەتی گەیشتن بە مافەكانم لەدەستداوە،” یەكێكی دیكە دەڵێت “ترس و شەرم تووشی كێشەی دەروونی كردم.”
هیوا حەمەدەمین ئامۆژگاری گەنجان دەكات ترس و شەرم لە ژیانیان فەرامۆش بكەن و دەڵێ”ئەم دوو حاڵەتە هەمیشە مرۆڤەكان بە بێ ماف و گەیشتن بە ئاوات و ئامانجەكانی دەهێڵێتەوە،” دەشڵێت “ناكرێت چیتر گەنجان لە تاقیكردنەوەی هەر شتێكی نوێ لە ترسی شكست یان ڕەخنە بژین، دەبێت لە ترس و شەرم خۆیان ڕزگار بكەن و دەست بكەن بە پراكتیزەكردنی هەموو ئەو شتانەی كە دەیانەوێت هەوڵی بدەن.”
هیوا بە نیگەرانییەوە باس لەوەش دەكات “چ لەوە ناخۆشتر نییە، بە هۆی ترس و شەرمەوە، مافەكان لە دەست بدەیت و ئامانجەكانت لێ دوور بكەونەوە، من چەندین جار بەم هۆیەوە دەرفەتی گەیشتن بە مافەكانم لەدەستداوە.”
هیوا بۆ ئەوەی ڕزگاری بێت لە دەست ئەو دوو حاڵەتە نەخوازراوە، پەنای بۆ خوێندنەوەی چەندین پەرتووك بردووە و دەڵێ “زیاتر لە دوو ساڵ تەواوی پارەی من بۆ كڕینی پەرتووك بوو، بە تایبەت ئەو پەرتووكانەی باسیان لە چۆنیەتی زاڵبوون بە سەر شەرمكردن و ترس دەكرد، ئێستا سوپاس بۆ خودا لە ڕێگەی ئەو پەرتووكانەوە تا ڕادەیەكی باش توانیم زاڵ ببم بەسەر ترس و شەرم و ئێستا كەسایەتییەكی بەهێز تر و كاراترم هەیە لە ڕابردوو و تێكەڵاویی كۆمەڵگە و هاوڕێیانم بوومەتەوە.”
سابیر سەردار پێی وایە ترس و شەرم كردن ئامرازێكی دوو لایەنەیە ئەگەر بە شێوەیەكی هاوسەنگ بەكار بهێنرێت و دەكرێت یارمەتی مرۆڤ بدات لە پەیڕەوكردنی ڕەفتاری باش، بەڵام هەر وەكوو خۆی دەڵێ “ئەگەر ئەم دوو لایەنە زۆر بێت یان نەگونجاو بەكار بهێنرێت، دەكرێت ببێتە هۆی كێشەی دەروونی و كۆمەڵایەتی بۆ گەنجەكە، دەبێت زوو هەوڵی چارەسەركردنی بدات.”
دەشڵێت “ترس و شەرم كاریگەرییەكی قووڵ و فرەڕەهەندی هەیە لەسەر مرۆڤ، كە لە ڕووی جەستەیی، دەروونی، كۆمەڵایەتی و عەقڵییەوە دەردەكەوێت. ئەم كاریگەرییانە دەتوانن كورتخایەن یان درێژخایەن بن، بەپێی چەندایی ترس و شەرمەكە.”
سابیر ترس و شەرم وەك دوو چەكی كوشندە لە بەرامبەر خەون و ئامانجی گەنجان ناو دەبات و دەڵێ “ئەگەر بە زوویی چارەسەری ئەو دوو لایەنە نەكرێت، ئەوە هەتاهەتایە گەنجە تووشبووەكە لە ژێر كاریگەریی خراپی ئەو دوو لایەنە و بە كەسایەتییەكی لاواز و بێ هێز ژیان دەكات.”
سروشت قادر یش باس لەوە دەكات كە هەموو مرۆڤەكان شەرم دەكەن و بە پێی ڕێژەش ترسیان هەیە “بەڵام جیاوازییەكە لەوە دایە بەشی زۆری ئەوان نەیانهێشتووە ترس و شەرمەكە بەسەریاندا زاڵ بێت و كەسایەتی خۆیان لەدەست بدەن.”
سروشت دەشڵێت “هیچ مرۆڤێك بە بێ هەڵە نییە، بەڵام ناكرێت هەڵەكان گەورە ببن و ببێتە بەشێك لە كەسایەتیمان و دواتریش بە بۆنەی ئەو هەڵانەوە كەسایەتی و ئامانج و مافەكانم لە دەست بدەین، ئەگەر ئێستا شەرم دەكەین و دەترسین، ئاسایییە بەڵام ناكرێ لە ناخ و هزری خۆماندا گەشە بەو دوو لایەنە بدەین و گەورەیان بكەین و كۆنترۆڵی كەسایەتی خۆمان بدەینە دەست ئەو دوو لایەنە و بە ئارەزووی خۆی بەكارمان بهێنێت.”