ئەمڕۆ شەموو 19ـی نیسان، بەپێی زانیارییەكانی “وشە”، لەسەر داوای بەغدا كۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كۆمپانیاكان كە تایبەت بوو بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان، دواخرا.
ئەوەش زانراوە، عێراق ئەو داوایەی كردووە و تا ئێستەیش هۆكاری دواخستنەكەی نەزانراوە.
رۆژی چوارشەم حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رای گەیاند، شەموو 19ـی نیسان، شاندێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە بەغدا دەبن و بەیەكەوە كۆ دەبینەوە بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن. هیوادارین بەزووترین كات بگەینە ڕێككەوتن، چونكە سامانی عێراق پێویستیی بەوەیە هەناردەكردنەوەی نەوت دەست پێ بكاتەوە.
زیاتر لە دوو مانگە، هەمواری ئەو مادانەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق كە تایبەت بوون بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر دراوە، بەڵام تا ئێستە نەتوانراوە كێشەكان چارەسەر بكرێن.
هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، یەكێك لە پرسە گەرمەكانی دیداری سلێمانی بوو لە هەفتەی پێشوودا، سەركردە و بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان لە بەرزترین ئاستدا گفتوگۆیان لەسەر كرد.
هاوكات وەزیری نەوتی عێراق رای گەیاندبوو، لەگەڵ كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان هەندێك گرفت هەبوون و ئەوانیش چارەسەر كراون، كۆمپانیاكانی نەوتی كوردستان داوای دڵنیایان لە خەرجكردنی پارەكەیان لەلایەن بەغداوە كردبوو، بەگوتەی وەزیر ئەو دڵنیاییە دراوە و ئەمڕۆ هەموو شتێك چارەسەر دەكرێت.

































































