ئەم سیستەمە لە 396 قوتابخانەی حكوومی بەكاردەهێندرێت
زاری كرمانجی-مێرگەسۆر:
13ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، خزمەتگوزارییەكی دیجیتاڵیی نوێی بۆ كەرتی پەروەردە بە ناوی (ئی- هەڵسەنگاندن) ڕاگەیاند، كە بۆ هەر دوو سیستمی IOS و Android بەردەستە، ئەم خزمەتگوزارییە ڕایەڵەی پەیوەندی نێوان قوتابخانە و بەخێوكاری قوتابییان پتەوتر و ئاسانتر دەكات. لە وەرزی دووەمی خوێندنەوە لە 396 قوتابخانەی حكومی بەكاردەهێندرێت.
بۆ یەكەمجار لەسەر ئاستی كەرتی خوێندنی حكومی ئەم خزمەتگوزارییە لە ڕێگەی ئەپڵیكەیشنەوە بەردەست دەبێت و بەخێوكارانی قوتابییان دەتوانن لە ڕێگەی ئەو ئەپڵیكەیشنەوە ئاگاداری دۆخی منداڵەكانیان بن لەڕووی نمرەی قوتابی، هەڵسەنگاندنی قوتابییان لەسەر حەوت ئاست، خشتەی وانەكانی هەفتە، ئەركی ماڵەوە، تاقیكردنەوەكانی قوتابی، ئاگادارییەكان و پەیامی قوتابخانە بۆ قوتابی، لەگەڵ ڕێنمایی پەروەردەیی، بۆ هەموو ناوەندەكانی خوێندن، بۆ مامۆستایان و قوتابییان ناوی بەكارهێنەر (یوزەرنەیم) و تێپەڕەوشە (پاسۆرد) ئامادەكراون، كە لە بەشی ڕاپۆرتی قوتابخانە لەناو سیستمی “ئی – پەروەردە” دەتوانن دایبەزێنن.
مامۆستا پەروین ئەحمەد، بۆ زاری كرمانجی گوتی: سیستەمی ئی هەڵسەنگاندن دواین سیستەمی وەزارەتی پەروەردەیە بۆ ناوەندەكانی خوێندن، وەزارەتی پەروەردە دەیەوێت چاكسازی و توێكاری لە سێكتەری پەروەردەدا بكات، ئەم سیستەمە ئەگەر سوودی زۆری هەبێت، زیانیشی دەبێت، چونكە سیستمەكە خۆی وا دەخوازێت، گریمان ئەو سیستەمە وا دەكات كە تەواوی خێزانەكان لە قوتابخانەی منداڵەكانیان نزیك بكاتەوە و بەردەوامی ئاگاداری هەڵسەنگاندنی منداڵەكانیان و ڕێنمایەكانی قوتابخانە بن، بەڵام من پێموایە لە هەمان كاتدا زۆربەی كەسوكاری قوتابییان لە قوتابخانەی منداڵەكانیان دوور دەخاتەوە و وا دەكات هەندێك لەم دایك و باوكانەی كە بە مانگانە سەردانی قوتابخانەی منداڵەكانیان نەدەكرد ئەمجارە بە ساڵانە سەردانی ناكەن، جگە لەمە زۆربەی كەسوكاری قوتابییان ڕەنگە خوێندەوار نەبن یان خاوەن موبایلی زیرەك نەبن، بۆ چوونە نێو سیستەمەكە ئەمانە و چەندان هۆكاری تر هەن كە پێویستە كاری لەسەر بكرێت و پێداچوونە بە سیستەمەكەدا بكرێت.
مامۆستای ڕاهێنەر جەلیل محیەدین، لە سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر، بۆ زاری كرمانجی گوتی: دوای ئەوەی لەلایەن وەزارەتی پەروەردە هەموو ڕاهێنەرەكان ئاگادار كرانەوە كە دەبێت سەردانی قوتابخانەكانیان بكەن، بە ئی هەڵسەنگاندن، بۆ یەكەمجار ئەو خزمەتگوزاریە لەڕێگەی ئەپلیكەیشنەوە بەردەست بوو و بەخێوكەرانی قوتابییان دەتوانن لە ڕێگەی ئەو ئەپلیكەیشنەوە ئاگاداری دۆخی منداڵەكانیان بن، لەڕووی نمرەی قوتابی، هەڵسەنگاندنی قوتابی لەسەر حەوت ئاست، خشتەی وانەكانی هەفتە، ئەركی ماڵەوە، تاقی كردنەوەی قوتابی، لەگەڵ ئاگاداریەكان و پەیامی قوتابخانە، لەگەڵ ڕێنمای پەروەردە، بۆ هەموو ناوەندەكانی خوێندن بۆ هەموو مامۆستایان و قوتابییان بەردەست بوو، ئێمەش وەكو ڕاهێنەرانی سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر ئەو پەیامەمان بە ئەمانەتەوە گەیاندە هەموو ناوەندەكانی خوێندن، بۆ چۆنیەتی كاركردن لەسەر ئەو ئەپلیكەیشنە، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتی كەرتی پەروەردە بكەن، كە كارێكی زۆر باشە و لە بەرژەوەندی قوتابی و بەخێوكەری قوتابی دایە.
مامۆستا زیاد شاكر، بۆ زاری كرمانجی ئاشكرای كرد: هەر پێشكەوتنێكی نوێ لە هەر بوارێكدا بێت لەناو كۆمەڵگەدا كارێكی باشە، ئی هەڵسەنگاندن لە بەرژەوەندی كەسوكاری قوتابییاندایە، چونكە هەر كاتێك بیانەوێت ئاگاداری بارودۆخی قوتابییانی خۆیان دەبن، لەگەڵ ئەوەش دەبینین وەزارەتی پەروەردە كۆمەڵێك پەیج و ئەكاونتی داناوە كۆمەڵێك ڕاهێنەر بەڕێوەدەبەن، ئەوەش پێشكەوتنێكی تازەیە لە بواری پەروەردەدا، سیستەمی ئی هەڵسەنگاندن، سیستەمێكی پێشكەوتووە تا ڕادەیەكی باش سوودی دەبێت، چونكە زۆرێك لە دایك و باوكان كە پێشتر بە هەر هۆكارێك بێت ئاگاداری بارودۆخی منداڵەكانیان نەبوو بن، ئێستا بە باشی ئاگادار دەبن جا لە هەر كات و ساتێكدا بێت، قوتابییانیش بەهانەیان نامێنێت بڵێن، پێشتر لەبەر هەر بارودۆخێك باوك و دایكی ئەوان سەردانی قوتابخانەیان نەكردووە و لە قوتابییانی خۆیان نەپرسیوە، لە هەمان كاتدا دایك و باوكان پێشتر ئەو گلەی كە هەیان بوو لە مامۆستایان ئەوەشیان نامێنێت، بەڵام كێشەی ئەو سیستەمە ئەوەیە ڕەنگە لە هەندێك ماڵ و شوێن و گەیشتن بە تەكنەلۆژیا و هێلی ئەنتەرنێت زۆر ئەستەم بێت.
مامۆستا هاشم سمایل، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە پەروەردەی قەزای مێرگەسۆر، بۆ زاری كرمانجی دەڵێت: پلاتفۆرمی ئی هەڵسەنگاندن كە بە ژمارە 4ی وەزارەتی پەروەردە دەرچووە، ئەو پلاتفۆرمە خزمەتگوزاری دجیتالییە، شتێكی نوێیە بۆ كەرتی پەروەردە، لە وەرزی دووەم كەوتە كار، پەیوەیستە بە نێوەندگیری نێوان دایك و باوك و قوتابی و مامۆستا، ئەو خزمەتگوزارییە لایەنی باش و خراپی هەیە، ئەگەر باسی باشییەكانی ئی هەڵسەنگاندن بكەین، لە قوتابخانەكان ئەو پلاتفۆرمە كەوتە كار، خولێكی تایبەت بۆ بەڕێوەبەر، مامۆستا و ڕاهێنەر نەكرابوویەوە، ڕاستەوخۆ هاتە ناو پرۆسەی پەروەردە و فێركردن، بۆیە دەكرا خول كرابانەوە، ئەو كات ڕەنگە باشتر دەبوو، دایك و باوكان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بانگی قوتابخانەكان كران و ئەو پلاتفۆرمە بۆیان شی كرایەوە، ئەوەش وای كرد كە ئەركی بەڕێوەبەر و مامۆستایان قورس بێت، لە هەمان كاتدا مامۆستا و دایك و باوك زۆر ڕازین لەو پلاتفۆرمە، چونكە كۆنتاكێكی نوێیە، ئەگەر قوتابی مۆڵەتیش بێت دەتوانێت بەو خزمەتگوزارییە ئەرك و نمرەكانی خۆی ببینێت، لە هەمان كاتدا ئەگەر دایك و باوك لە ئەركدا بن و نەتوانن سەردانی قوتابخانە بكەن دەتوانن بەو پلاتفۆرمە ئاگاداری منداڵەكانیان بن و بەدواداچوون بكەن، بۆیە شتێكی زۆر باشە و لە بەرژەوەندی هەموو لایەكدایە.
ئەو سەرپەرشتیارە زیاتر دەڵێ: بۆ ئەمساڵ ئەو پلاتفۆرمە تێستە و لە سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر لە 12 قوتابخانە تاقی كراوەتەوە و كارێكی زۆر باشە و تا ئێستا كە بەداواداچوونمان كردبێت زۆر لە بەرژەوەندی قوتابی و كەسوكاری قوتابییەكاندایە، بەڵام ئەگەر بكرێت لە قوتابخانەكان ڕێنمایی كار هەبێت زیاتر دەتوانن بۆ قوتابی و كەسوكاری قوتابییان شی بكەنەوە، لە هەمان كاتدا ڕەنگە دایك و باوك خوێندەوار نەبن، یان دووربن لە موبایلی زیرەك، ئەوەش ڕەنگە لە هەندێك شوێن ببێتە كێشە بۆ كەسوكاری قوتابییان، یان ڕەنگە لە هەندێك شوێن مامۆستا ئەركی ماڵەوە بداتە قوتابی و بڵێ نەمبینیوە، بەڵام ئێستا كار لەسەر سیستەمەكە دەكرێت و ئەو كێشەیەش نامێنێت، چونكە وەكو گوتم پلاتفۆرمەكە تێستە و كۆی گشتی پرۆسەكە سەركەوتووە و لەگەڵ سەردەمی ئێستا دەگونجێت و لە ساڵی دابێت لە تەواوی قوتابخانەكان سیستەمەكە دەكەوێتە كار و لە بەرژەوەندی هەموو لایەكدا دەبێت و دایك و باوكان هەر لە ماڵەوە ئاگاداری هەموو كارێكی قوتابییەكەی خۆیان دەبن، ئەوەش وا دەكات كە قوتابییەكە زیاتر گرنگی بە پرۆسەی خوێندن بدات.