مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئەگەرچی لەم دواییانەدا لە رێگەی بەرنامە و پێشبڕكێ و وۆرك شۆپ، گرنگییەكی زۆر بە بەهرە جۆراوجۆرەكانی گەنجان دەدرێت و پشتگیری و پەرەپێدانی بەهرەمەندەكان دەكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشێك لە گەنجان تا ئێستا نەیانتوانیووە بەهرەكانی خۆیان بدۆزنەوە و وەیان كەمتر بایەخ بە بەهرەكانیان دەدەن.
گەنجێك بوونی بەهرە بە بێ پاڵپشتی و هاوكاری لایەنی بەرپرس و كۆمەڵگە بە بێ بەها ناوی دەبات و دەڵێ “ئەگەر پاڵپشتی و پشتگیریی نەبێت، بەهرەكان لە دایك نابن.” گەنجێكی دیكە باس لەوە دەكات “زۆرێك لە دایك و باوكان، هەر لە تەمەنێكی بچووكدا هەست بە بەهرەی منداڵەكەیان دەكەن، بەڵام فەرامۆشی دەكەن و بایەخی پێ نادەن.” گەنجێكی دیكەش دەڵێت “ئەگەر بەهرەمەندان دەرفەتی باشیان بۆ بڕەخسێت و هاوكاری بكرێن بۆ ئەوەی بەهرەكانیان لە خزمەتكردنی كۆمەڵگەكەیان بەكاری بهێنن، بە دڵنیایەوە هەزاران گەنجی بەهرەمەند خۆیان ئاشكرا دەكەن و شوێن پەنجەیان لە ئاوەدانی ئەو نیشتمانەدا دەردەكەوێت.”
سەردار عومەر حەمەدەمین، دەستپێكی قسەكانی پێناسەیەكی بەهرە دەكات و دەڵێ “بەهرە زمانێكە و دیارییەكی زگماكی و بەدەست هێنراوە. لە ڕووی تەكنیكییەوە بە توانای گشتی یان تایبەت پێناسە دەكرێت كە تاك لە بوارێكی دیاریكراو یان چەند بوارێكدا جیاواز دەكات لە كەسانی دیكە. ئاماژەیە بۆ ئاستێكی بەرزی بیركردنەوە و ئەنجامدان، و پێویست ناكات پەیوەست بێت بە زیرەكی تاكەوە. لە بنەچەی خۆیدا توانا تایبەتەكانە كە مرۆڤ لە زگماكیدا خاوەنییەتی. لەوانەیە توانا دەروونییەكان بێت كە پەیوەستن بە زیرەكییەوە، یان ئامادەیییەكی زگماكی بۆ بەدەستهێنانی كارامەیییەكی دیاریكراو.”
سەردار دەشڵێت “هەر لە منداڵییەوە، بەشێك لە دایك و باوكان، هەست بە بەهرەی منداڵەكەیان دەكەن، بەڵام فەرامۆشی دەكەن و بایەخی پێ نادەن، رەنگە كۆمەڵێك هۆكار هەبن كە وا لە دایك و باوك بكات بەهرەی منداڵەكانیان فەرامۆش بكەن، وەك نەبوونی ناوەندێكی بەهرەمەندان بۆ دەرخستن و پەروەردەكردنی بەهرەكانیان و ئاراستەكردنیان بۆ خستنەرووی بەهرەكانیان، هەروەها نەبوونی پاڵپشتی داراییش هۆكارێكی دیكەیە كە دایك و باوكان پێیان وابێت بە پێ لایەنی دارایی بەهرەكان پێش ناكەون.”
سەردار جەخت لەوە دەكاتەوە بەشێكی زۆر لە گەنجان خاوەن بەهرەیەكی شارەوان، بەڵام لەبەر ئەوەی هەستی پێ ناكەن، بۆیە بەهرەكە بەر لەوەی لەدایك ببێت، دەنێژرێت.”
هاوكار مستەفا، پێی وایە هیچ گەنجێك نییە بەهرەی نەبێت، تەنیا پێویستی بە هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی بەهرەكەی خۆی “هەموو گەنجێك بەهرەیەكی شارەوای هەیە، پێویستە هەوڵبدات بۆ دۆزینەوەی، بۆیە هەر گەنجێك بۆ ناسینەوەی بەهرەكەی دەتوانێت كۆمەڵێك شێوازی تێڕامان و پەیوەندیكردن لەگەڵ خۆی یان لەگەڵ كەسانی دیكەدا بەكاربهێنێت بۆ گەیشتن پێی نموونە : بیرهێنانەوەی ئەو شتانەی كە سەرنجی ڕاكێشا، یان ئەو چالاكییانەی كە تامەزرۆی ئەوە بوو لە كاتی بەتاڵیدا پراكتیزەی بكات، چونكە ڕەنگە ئەم شتانە هێشتا جێگەی سەرنجی بێت، یان كلیلی ناسینی بەهرە نەدۆزراوەكەی بێت. هەروەها ڕەنگە خێزان یان هاوڕێیان هەست بە هەندێك لایەنی جیاواز بكەن لە تۆدا و ستایشت بكەن. بۆیە لەوانەیە ئەم لایەنانە ببنە خاڵی بەهێز لە تۆدا و دەرفەتێك بێت بۆ پەرەپێدانی بەهرەكەت.”
هاوكار دەشڵێت “ئەگەر بەهرەمەندان دەرفەتی باشیان بۆ بڕەخسێت و هاوكاری بكرێن بۆ ئەوەی بەهرەكانیان لە خزمەتكردنی كۆمەڵگەكەیان بەكاری بهێنن، بە دڵنیایەوە هەزاران گەنجی بەهرەمەند خۆیان ئاشكرا دەكەن و شوێن پەنجەیان لە ئاوەدانی ئەو نیشتمانەدا دەردەكەوێت.”
سامی سەعید عەبدوڵڵا، قسە لە سەر ئەوە دەكات كە تەنیا بەهرە بەس نییە بۆ گەنجان و پێی وایە دەبێت ئاستی بەهرەكە بەرز بكرێتەوە و بە شێوەیەكی دروست ئاراستە بكرێت، بۆ ئەوەی زیاتر داهێنەر و بەرهەمدارتر بێت بۆ كۆمەڵگە و نیشتمان “گەنج پێویستی بەوەیە ئەم بەهرەیە بەرز بكاتەوە و بە شێوەیەكی دروست ئاراستەی بكات، بۆ ئەوەی زیاتر داهێنەر و بەرهەمدارتر بێت. ئەمەش دەتوانرێت سەرەتا بە گرنگیدان بە متمانەی مرۆڤ بەخۆی بەدەست بهێنرێت، چونكە نەبوونی متمانە سەقفێكی نەبڕاوە بۆ بەهرەمەندەكان دروست دەكات، جگە لەوەش پێویستە گەنجەكە دەستپێشخەری بكات و بەربەستی ترس لە هەنگاوی یەكەم بشكێنێت، و بەسەر ئەو ئاستەنگ و كێشانەدا زاڵ بێت كە ڕووبەڕووی دەبێتەوە. هەروەها پێویستە گەنجەكە خولیای بەهرەكانی هەبێت، چونكە ئەمە وزەی كاركردنی پێدەبەخشێت و ئیرادەیە بۆ پەرەپێدانی بەهرەكەی، لەگەڵ ئەوەش گرنگترین شت كە گەنجێكی بەتوانا دەتوانێت بیكات ئەوەیە بەردەوام ڕاهێنان بكات. نابێت پشت بە دیارییەكەی ببەستێت و لێی ڕازی بێت، بەڵكو هەمیشە هەوڵی زۆر بدات بۆ پەرەپێدانی.”
محەممەد حسێن سەلیم، ئاماژە بەوە دەكات ئەگەر پاڵپشتی و پشتگیریی نەبێت، بەهرەكان لە دایك نابن و دەڵێ “پێویستە حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار، كاری زیاتر و باشتر بكەن بۆ دەرخستنی بەهرەمەندان، چونكە ئەگەر بەهرەمەندێك هاوكار و پاڵپشتییەكی نەبێت، بە دڵنیایەوە بەهرەكەی گەشە ناكات و پێش ناكەوێت، چونكە لەم بارودۆخەدا بەشی زۆری گەنجان سەرقاڵی دابینكردنی بژێوی ژیانی خێزانەكانیانن و بەهرەكانیان فەرامۆشكردووە،”
دەشڵێت كە هەندێ لە گەنجە بەهرەمەندەكان لەلایەن هاوڕێیان و خانەوادەكانیان رەخنەیان لێ دەگرێت و پاڵەپەستۆیان لە سەر دروست دەكرێت، كە واز لە بەهرەكانیان بهێنن و سەرنجیان لەسەر بوارێكی پیشەگەر بێت بۆ خۆژیاندن و دەستخستنی سەرمایەك بۆ داهاتوو “بەداخەوە وەكوو پێویست لە كۆمەڵگەی كوردەواری بایەخ بە بەهرەمەندان نەدراوە، هەمیشە دایك و باوك حەز لەوە دەكات كوڕەكەی جگە لە كاركردن و فێربوونی پیشەیەك، بیری لای هیچی دیكە نەبێت.”
” ئەگەر پاڵپشتی و پشتگیریی بەهرەمەندان نەبێت، بەهرەكان لە دایك نابن “