سەنگەر عیسا
شارەزای ئابووری و مامۆستای زانكۆ
گومان لەوەدانیە لە هەموو قۆناغ و سەردەمە جیاوازەكانی ژیانی مرۆڤایەتیدا هەموو هەڵ و تێكۆشانەكانی مرۆڤ بۆ ئەوەبووە ژیانێكی بەختەوەر و شایستەتر بۆخۆی دابین بكات، بەڵام هەموو ئەمانە پێویستی بە پلان و پەیرەو پڕۆگرامێكە، ئەم تێگەیشتنەش پێویستی بە ڕۆشنبیری تاكەكان و خێزانەكان هەیە لەسەرجەم كایەكانی ژیان بەتایبەتی لەسەر بابەتە ئابووریەكان بەدیاریكراویش ئابووری خێزان، سەرەتا پێویستە بزانین كەوا خێزان بچووكترین یەكەی پێكهێنەری كۆمەڵگەیە و تەواوی چالاكییە ئابوورییەكانیشی لەپێناو پڕكردنەوەی پێداویستیەكانییەتی، بۆیە دەمانەوێت گرنگی كاری هاوبەشی خێزان و كاریگەرییەكانی لەسەر ئاسایشی خێزان و كۆمەڵگە ڕوون بكەینەوە بەتایبەتی لە ڕۆژگارێكی وەك ئەمڕۆماندا كە خەریكە پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و خێزانیەكان بەرەو لاوازبوون دەچن و چالاكی تاك لاوازتر دەبێت، بابەتی ئابووری لە گرنگترین بابەتەكانی كۆمەڵگەی ئەمڕۆیە بۆ تاكەكان و خێزانەكان بۆیە زۆر گرنگە تاكەكانی نێو خێزان زانیاری تەواویان هەبێت لەسەر بابەتی ئابووری خێزان و چۆنیەتی بەدەستهێنانی سەرمایەو و چۆنیەتی خەرجكردنی لە پێناو ئابووریەكی باشتر، دەتوانین بلێین ئابووری خێزان بریتیە لە تەرخانكردنی سەرچاوە سنووردارەكانی بەردەست بۆ دابینكردنی گرنگترین پێداویستییەكانی خێزان، یاخود بریتییە لە چۆنییەتی ڕێكخستن و بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ماڵ، كەواتە ئابووری فێرمان دەكات كە چۆن زۆرترین سوود لە كەمترین سەرچاوە ئابوورییەكان وەربگرین، بەڵام ئایا دەزانین ئەم سەرچاوانە چۆن و چین؟ لەڕاستیدا سەرچاوەكان بە فۆرمی جیاواز دەردەكەون، بەڵام لە ڕاستیدا هەموویان یەك تایبەتمەندییان هەیە ئەویش كەمی یاخو دەگمەنی دەرامەتەكانە، بۆیە هەمیشە مرۆڤ لەبەردەم پێداویستییە زۆر و جۆراوجۆرەكانی ژیان پێوستە هەڵبژاردن بكات بەجۆرێك كامیان پێویسترە بەڕیزبەندی لە چوارچێوەی سنووری داهاتی خۆی ئەویان هەڵبژێرێت تابگاتە ئەوپەری ڕەزامەندی خواستەكانی، كۆمەلێك پرسیار هەن كە هەمیشە لە ژیاندا دووبارە دەبنەوە وەك چی بەكاربهێنین، پێویستە چەند بەكاربهێنین، چۆن بەكاری بهێنین، چۆن كار بكەین، چەند كاتژمێر كاربكەین، چ كارێك بكەین، چۆن سوود لە داهات وەربگرین؟ ئەمانە كۆمەلێك پرسیارن كە ڕۆژانە لە نێوان خێزانەكاندا قسەوباسی لەسەر دەكرێت و پێوستی بە وەڵامدانەوەی دروستی ئەوان هەیە، تاكو بگەن بە باشترین بژاردە و بڕیاری ژیرانەی لەبارەوە بدرێت.