سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە عەگید كابایل پاڵەوانی بۆكسێنی جیهان کرد و هیوای سەرکەوتنی زیاتر و بەردەوامیی بۆ خواست، لە بەرانبەردا عەگید كابایل سوپاسی پشتیوانیی سەرۆک بارزانی کرد.
ڕۆژی پێنجشەممە 17ـی نیسانی 2025، لە سەڵاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازیی پاڵەوانی بۆكسێنی ناسراوی كورد عەگید كابایل كرد.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، سەرۆك بارزانی دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە عەگید كابایل بۆكسێنەری جیهانیی كورد كرد بۆ بەدەستهێنانی پاڵەوانێتی كێشی قورس (WBC) لە ڕیازی پایتەختی عەرەبستانی سعوودییە، هەروەها وێڕای دەربڕینی پشتیوانیی خۆی، هیوای سەركەوتنی زیاتر و بەردەوامی بۆ عەگید كابایل خواست.
لە بەرانبەردا عەگید كابایل خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی دەربڕی و سوپاسی پشتیوانیی سەرۆك بارزانی كرد و خەڵات و پشتێنەكەشی وەك ڕێز و پێزانین پێشكەشی سەرۆك بارزانی كرد.