تا ئێستا ئەو پۆستە بۆ هیچ كەسێك یەكلا نەبۆتەوە
زیاتر لە 6 مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراوە، هەڵگوورد شێخ نەجیب، كە بەر لە هەڵبژاردنەكان، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بوو، وەك كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری لقی 10 دەنگی پێویستی بەدەست هێنا و چووە پەرلەمان و سوێندی یاسایی خوارد، بە پێی یاساكانی بەركار هەر كەسێك لەهەر پۆستێك بێت دوای سووێند خواردنی وەك پەرلەمانتار لە تەواوی پۆستەكانی پێشووتری دەبەخشرێت.
بە پێی زانیارییەكانی زاری كرمانجی زیاتر لە 10 كەس داوای پۆستی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆرانیان كردووە، بەڵام تا ئێستا بۆ هیچ كەسێك یەكلا نەبۆتەوە.
هەر بە پێی زانیارییەكان هەوڵێك هەیە كە سەرپەرشتیاری پێشوو بۆ ماوەی دوو ساڵی دیكە بگەرێندرێتەوە سەر ئەركەكەی، ئەمەش پێویستی بەوە هەیە، كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی كوردستان ئاسایی بكرێتەوە و دەست لەكار كێشانەوەی بخرێتە بەرنامەی كارەوە قبوڵ بكرێت و جارێكی دیكە مەرسوومی سەرۆكایەتی هەرێمی بۆ دەربچێت، لەم ئەگەرەشدا چەندین مانگی دیك دەخایەنێت.
نەبوونی سەرپەرشتیار، كێشەی بۆ هەندێك بواری ئیداری و خزمەتگوزاری درووستكردووە، هەر چەندە جێگری سەرپەرشتیار دەسەڵاتی ئەوەی هەیە كە ژمارەیەك لە ئەركەكانی سەرپەرشتیار راپەڕێنێت، بەڵام دەستەڵاتەكەی سنووردارە.